پێویستیی دووبارە خوێندنەوە: مێژوو و شوناس
2018-02-26 12:02:50

پێویستیی دووبارە خوێندنەوە: مێژوو و شوناس

 

وتوێژی حووریە و ئەدۆنیس

لە فەرەنسیەوە: مەنسوور تەیفووری

 

 

حووریە: "کاری مێژوونووس ئەوەیە گێڕانەوەیەکی ڕاست بە دەستەوە بدات، بۆ ئەوەی ڕابوردوو "بە باشترین" شێوە بنوێنێتەوە. ڕابوردوویەکی دابڕاو لە ئێستە کە لە بنەڕەتدا وا دەکات بێینە سەر ئەو بڕوایەی کە کات نابەردەوامی و جیاوازیی تێدایە."[1] چۆنە لە دنیای عەرەبدا، تەنانەت ئەمڕۆکەش، جێگەی کاری مێژوونووس، بە واتای مۆدێرنی وشەکە، ڕوون و زەق بەتاڵە؛ چۆنە هیشتا تەبەری[2] و ئیبنولكەسیر[3] سەرچاوەمانن، واتە نووسەرانی سەدە یەکەمینەکانی کۆچی کە مێژوو و ئەفسانەیان لێ تێک چووە؟ بۆچی ناتوانین تەپوتۆز لەسەر ڕابوردوو دابماڵین و خوێندنەوەی نوێتری مێژوو دابهێنین؟

ئەدۆنیس: تەنانەت لە باری شاعیرانەوە عەرەبەکان، بۆ نموونە، کتێبێکیان لەسەر جوانیناسیی زمانی عەرەبی و تایبەتمەندیيەکەی نەنووسیوە. دەتوانین باسی نوقسانيی ڕۆحی لێکۆڵینەوە و داهێنان بکەین. دەکرێ بڵێیت لای عەرەبی هەنووکە نوقسانیی ڕۆحی پرسیاركەر هەیە. ئەوەندەی پێوەندیی بە مێژووەوە هەیە، عەرەبەکان ناتوانن بابەتییانە بیر لە یەکەم دەوڵەتی عەرەب- موسوڵمان بکەنەوە کە لەسەر بنچینەی دەسەڵات و سەر بە خێڵ بوون دامەزراوە. کە گوتت "خیڵ"، ئەمە خۆی بزریی ئیدەی فرەچەشنی دەگەیەنێت. قوڕەیش، خێڵەکەی محەمەد، کە دوای مردنی ئەو دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت، تەنیا یەک بنەماڵەیە؛ بنەماڵەیەک کە دەوڵەتێکی دامەزراند. لە سەقیفەوە[4] -تەنانەت ئەنسار، کە دژی دوژمنانی قوڕەیشیی محەمەد پشتیان گرتبوو- بە زەبری شمشێر لە دەسەڵات دوور خرانەوە. ئەنسار داوای شێوەیەکی هاوپەیمانییان دەکرد. با بڵێین، فۆرمێکی دیمۆکراسی کە پێشنیاری بەشداری لە ژیانی سیاسیدا دەکات، هەر بەو ناوەوە کە قوڕەیش دەیکەن. عومەر و قوڕەیشییەکان دژی ئیدەی بەشکردنی دەسەڵات بوون. سەعد کە لەوە دەدوێت، لەگەڵ ئەنسارییەکانی دیکەدا لە سەقیفە دەردەکرێن. دەسەڵات دەبێتە موڵکی خێڵ. لەو کاتەوە، مێژوو بە دەسەڵاتی خێڵەوە گرێ دراوە.

حووریە: بەڵام بۆچی نووسینی مێژوو مۆدێرن نەکراوەتەوە؟ لە یەکەم نموونەی ژیانەوەی دنیای عەرەبدا -لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە- ڕۆشنبیران خوێندنەوەیەکی مۆدێرنیان بۆ دەقە کۆنەکان نەکردووە؟

ئەدۆنیس: کاتێک نەگۆڕ و بگۆڕ[5]م نووسی، زانکۆییەکان بەرەنگارم بوونەوە، من مێژووم بە جۆرێکی جیاواز دەخوێند یان دەخوێندەوە. بە مەبەستی بچووککردنەوەی گرنگیی ئەم بەرهەمە، تۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵم کە شیعەیە و مێژووی عەرەبەکان دەشێوێنێت. بە وتەیەکی دی [بۆ ئەوان]، خوێندنەوەکەی من بەرهەمی تێڕامانێکی تاکەکەسی بووە، نەک کاری بیر و توێژینەوە و ئارەزووی بەکوڵ بۆ دابڕان لە خوێندنەوە نەریتییەکان، بەڵکو" دوژمنایەتی بەرامبەر سوننەکان" ئەمەی پێ کردووم. لەم بەرهەمەدا باسی دەوڵەتی سوننە و ئەو شۆڕشانەم کردووە کە بە درێژایی مێژوو دژی ئەم بەناو دەوڵەتە سەریان هەڵداوە. بەڵام ئەو زانکۆییانەی ڕەخنەیان لە من گرت، خوێندنەوەیەکی دیکەیان نەخستووه‌تە بەردەست بۆ ئەوەی قسە لەسەر تێز یان ڕوانگەکانی من بکەن. ئەوان پەلاماری شوێنی لەدایکبوونی منیان دا. ئەوە ڕۆحی خێڵ بوو کە دەدوا، نەک بابەتێتیی توێژەر.

حووریە: وەک ئەوەی کە توێژینەوەکەی تۆ زادەی بەرژەوەندییەکی ئایدیۆلۆژی بێت! ئەی وەڵامت نەدانەوە؟

ئەدۆنیس: ئەگەرچی لە ناخی خۆمدا حەزم نەدەکرد کارەکەم خراپ بخوێنرێتەوە و لێک بدرێتەوە، بەڵام لەسەر خۆمم نەکردەوە، بە تێپەڕینی کات، خوێندنەوەی ئەم کتێبە پێشکەوت و خەڵک هێمنتر بوونەوە.

حووریە: ئەم بەرهەمە تەنانەت بۆ زمانی ئەندۆنیزییش وەرگێڕدراوە و زۆر باشیش بە پیریەوە چوون. بەسەرهاتی تۆ و نەگۆڕ و بگۆڕ بیری ئەوەی تەها حسێن و سەبارەت بە شیعری جاهیلی‌م دەخاتەوە. تەها حسێن، لەبەر ئەوەی کۆگیتۆ بانگ دەکات کە سەرلەنوێ بیر لە شیعری پێش ئیسلامی بکاتەوە، دادگایی دەکرێت و حوکم دەدرێت بەوەی بەرهەمەکەی بنووسێتەوە، لە کاتێکدا باسەکەی نە ڕەخنەی ئایین و نە گومانە لە ئایەتە قورئانییەکان.

ئەدۆنیس: بە داخەوە، وەک دەبینین بیری عەرەبی، تەنانەت ئەوەی پێی دەگوترێت مۆدێرن، دۆگماتیک ماوەتەوە و هێشتا زیندانیی زیندێنی خێڵە. هیچ شتێک نابێ بگۆڕێت، هیچ شتێک نابێت بجووڵێت. هەموو شتێک دەبێ وەک پێشوو بێت، نەگۆڕ و جێگیر. ئەگەر نەتوانین لە زەینی ئایینی و زەینییەتی خێڵەکی داببڕێین، مێژوو سەر لە نوێ بخوێنینەوە و شیی بکەینەوە و پاڵی بنێین، ئەوەی ناومان ناوە نەهزە یان ڕێنێسانس، لەبار دەچێت.

حووریە: ئەوەی بەسەر تەها حسێندا هات، ڕاستییەکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لە بنەڕەتدا، ئەوە ڕۆحی ڕەخنه‌ییە کە مەحکوم کراوە، نەک گومان بەرامبەر بە دێڕ [یان بەیتە] پێش‌ ئیسلامییەکان.

ئەدۆنیس: "ئیسلام-ڕژیم" وەک دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لەدایک بووە. بەبێ ڕۆحی خێڵیش نەیدەتوانی وەها پێشبکەوێت. ئیسلام، بە هۆی بەهێزبوونیەوە بە ڕۆحی خێڵ، زوو بووە ڕێگە و کەرەستەیەک بۆ دەسەڵات و فتووحات.

حوورییە: مەبەستت لە "زوو" یان "هەر لە سەرەتاوە" ئەمەیە کە: هەر لە مردنی پێغەمبەرەوە؟

ئەدۆنیس: ئەرێ، هەر لە مردنی محەمەدەوە. وەک پێشتر باسمان کرد، دراماکە لە سەقیفەوە دەستی پێ کرد. ڕاستیيەکەی بڵێین، سێبەری سەقیفە هیچ کات لە دنیای عەرەبی نەڕەویوەتەوە. سەقیفە نیشتەجێیەتی. ئەوە پانزە سەدەیە شەڕی عەرەب دژی عەرەب نەوەستاوە. دراماکە بەردەوام لە کاردایە. ئێمە لە سەدەکانی نێوەڕاست تێنەپەڕیوین.

حورییە: مارسێل دێتییەن لە کتێبی شوناسی نەتەوەییدا مەتەڵێک دەنووسێت: "[...] لەدایکبوون لە شوێنی تایبەتی خۆتەوە، ئەوەی کە بەرهەم و زادەی ئەو شوێنە بیت، بکەری مێژووی خۆت بیت!"، لام وایە لە مێژووی ئێمەدا شتێک ڕێگر بووە لەوەی بکەری مێژووی خۆمان بین.

ئەدۆنیس: باسی کۆتوبەندی ئایینیمان کرد. ئیسلام، مادام بە بێنوقسانی لەدایک دەبێت، شەڕی گشت شتێکی پێش خۆی و پاش خۆی دەکات. "گشت" مانای: فەلسەفە، هونەر، بیرکردنەوە، داهێنەرێتی، دنیابینی و هتد. بیر، ڕەت کراوەتەوە، هونەر مەحکوم کراوە، تاقە ڕووناکییەک بە دەستمانەوە مابێت، ئەوەیە بەسەر دەسەڵاتی زاڵدا بالۆرە بڵێین. درامای سەقیفە تا ئەمڕۆکەش بەردەوامە. بۆ عەرەبستانی سعوودی لە یەمەن شەڕ دەگێڕێت؟ ڕەگی ئەم شەڕە تا ڕۆحی خێڵەکیی نێو مێژووی ئێمە قووڵە. بەڵام لەباتیی شیکردنەوەی هۆکانی ئەم نەیارییە، دەبێ بە دووپاتکردنەوەی شەڕەکان ڕازی بین، بەبێ ئەوەی لە بنچینەکانیان بپرسینەوە. لە زەینی نەریتیدا، دەبێ "شوێنکەوتوو" بیت، پرسیارکەر نەبیت. ناتوانین هیچ لەسەر مێژوومان بپرسین. تەنیا دەبێ دووپات بکەینەوە و بەرهەم بێنینەوە.

حووریە: هەمان شت بەرهەم بێنینەوە.

ئەدۆنیس: هەمان شت، به‌بێ نوقسانی و کەموکوڕی، هەموو شت پێشتر ڕووی داوە. ڕابوردوو ئەم تێروتەواوییەیە، کە تا ئەمڕۆکە وەک تاقە مۆدێل و نموونە بۆ شوێنکەوتن دەمێنێتەوە. داومان لێ کراوە هاوڕایی و تەباییەکی بێگرێ‌و‌گۆڵ لەگەڵ ڕابوردوودا بپارێزین. بەم شێوەیە، شوناس دادەبەزێت بۆ دووپاتکردنەوە. گەر دەتەوێت موسوڵمان یان بڵێین عەرەب-موسوڵمان بیت، دەبێ لاسایی شتە بێنوقسانییه‌کەی نێو مێژوو بکەیتەوە.

حووریە: لە دەروونشیکاریدا، بەم دۆخەی شتەکان دەڵێین: "کات"ێک کە "تێناپەڕێت: ئەمە کاتێکی ڕچاو و وەستاوی دەروونێکی ئازاراوییە. داعش بە هەموو شێوەیەک، تەنیا لایەنی تاریکی حەکایەتەکە دووپات دەکاتەوە. داعش زیرەکیی ئیبن ڕوشد[6] یان ئیبن هەیسەم[7] یان ئیبن عەرەبی[8] دووپات ناکاتەوە، فڕیشی بەسەر بوێریی هزریی موعتەزیلەوە نییە.

ئەدۆنیس: داعش ئەو شتە دووپات دەکاتەوە کە پێوەندیی بە دەسەڵاتەوە هەیە، نەک بە بیر یان توێژێنەوەوە. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر ئەوەی ئێمە هێشتا لە سەقیفەداین، کە ڕۆحی سەقیفە ڕۆژانەی ئێمەی بە دەستە و بەسەریدا زاڵە. کەوابوو، شوناس بەپێی ئەم ڕوانینە دەبێتەوە بە دووپاتکردنەوە. ئەمە کەلەپوورە، نەک بەرهەمی هەڵبژاردن. تاک وەک عەرەب-موسوڵمان یان موسوڵمان لەدایک دەبێت. لە دڵی ئەم عەرەب-موسوڵمانەشدا، تاک سوننەیە نەک شیعە، یان شیعەیە و سوننە نییە. مێژووی عەرەب شەڕێکە بێوچان و ئەبەدی.

حوورییە: تۆ شتێکت بۆ ڕوون کردمەوە کە من خوێندبوومەوە، بێ ئەوەی بوێرم بیری لێ بکەمەوە. کۆمەڵگه‌ی عەرەب-موسوڵمانی سەرەتا، لە بەروبووی فەتح و داگیرکارییەکانەوە، دەستی کرد بە خۆدەوڵەمەندکردن، نەک لە کاتی خەلافەتەوە، بەڵکو هەر پێشتر. پێغەمبەر شەڕی بەڕێوەدەبرد و بەرەبەرە لە بەروبووی فەتحەکان دەوڵەمەند دەبوو. غەنیمە و دەسکەوتەکان ئێجگار زۆر بوون. کۆمەڵگه‌ی موسوڵمانی سەرەتا بەم جۆرە زەنگین بوو. دواتر، یەکەم فیتنەی گەورە ڕووی دا، لەبەر ئەوەی عوسمان خەزێنەی گشتیی بۆ زەنگینکردنی خێڵەکەی خۆی بەتاڵ دەکردەوە.

ئەدۆنیس: کۆی مێژوونووسان لەسەر ئەوە کۆکن عوسمان بڕی خەیاڵیی بۆ زەنگینكردنی بنەماڵەکەی خۆی خەرج دەکرد بێ ئەوەی گوێ بە جڤات بدات. لە باسی دەوڵەمەندیی زادەی شەڕ و فەتحەکاندا لەگەڵتدام و ڕاست دەکەیت، سامانی ئیسلام لە غەنائیمەوە دەهات. ئیسلام، هەر لە سەرەتاوە، توندوتیژیی شەڕەکان و فەتحەکانی لەخۆ گرتووە.

حوورییە: جگە لە غەنائیم، خێڵی نا-موسوڵمان هەبوون کە دەبوا پارە بدەن و هەروەها ئەوانەی دەیانەویست ئایینی پێشووی خۆیان بپارێزن. ژنانیش بەشێک بوون لە غەنیمە. وەک دەسکەوتی شەڕ دەفرۆشران یان ڕادەگیران.

ئەدۆنیس: وەک پێشتر وتمان، ئیسلام لە لایەنی مێژووییەوە لەسەر بنچینەی ڕۆحی خێڵ، فتووحات و هێزی پارە دامەزراوە. ئەوڕۆکە، داعش لە بەروبووی غەنائیم و دەستگرتن بەسەر نەوت، گاز، پارەی بانکەکان و فرۆشتنی ژن ...خۆی دەوڵەمەند دەکات.

حوورییە: داعش خێڵە ناموسوڵمانەکان مەجبوور دەکات پارەی پێ بدەن، تاڵان دەکات، ژنان وەک دەسکەوتی شەڕ دەگرێت. لەبەر ئەوەیە لام وایە داعش لایەنە تاریکەکە دووپات دەکاتەوە، نەک لایەنی ڕووناکی موعتەزیلە، فەیلەسوفان و عاریفان.

ئەدۆنیس: بەڵام موعتەزیلە بەشێک نەبوون لە "جەستە"ی دامەزراوەیی موسوڵمانان. عاریفەکانیش بەشێک نەبوون، فەیلەسوفان و شاعیرانیش هەروەتر.

حوورییە: موعتەزیلە ڕەوتی هەرە گرنگی بەغدایان پێک دەهێنا.

ئەدۆنیس: ئەوان لە دواییدا پێوەندییان بە یەک یان دوو خەلیفەوە هەبووە. کولتووری موعتەزیلە لە سەردەمی خەلیفایەتیی مەئمووندا گەلێک گەشەی کرد. بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەلموتەوەکیلدا بوون بە قوربانیی ڕاوەدوونان و ڕەشەکوژی.

حوورییە: گوتت ڕۆشنبیری عەرەب هیچ کات لە لایەن دامەزراوەی سیاسییەوە یارمەتی نەدراوە یان دەسەڵات هیچ کات پشتی نەگرتووە. لە نەگۆڕ و بگۆڕەوە تۆ شەڕ بۆ ئازادیی بیرکردنەوە دەکەیت.

ئەدۆنیس: ئەو کتێبە بەرهەمی پرسیارکردنە. بۆ یەک شاعیری گەورە نادۆزینەوە بکرێ پێی بڵێین ئیمانداری موسوڵمان؟ من یەک شاعیری گەورەی ئیماندار ناناسم، یەک فەیلەسوفی ئیمانداری دۆگماتیکی ڕاستەقینە نابینم. نە ئیبن ڕوشد، نە ئیبن سینا[9]، نە ڕاوەندی[10]، هیچیان بەڕاست موسوڵمان نەبوون. جگە غەزالی[11] کە بوو بە عاریف. بۆ بەم ژیارە دەڵێین ئیسلامی یان موسوڵمان، لە کاتێکدا عارف، فەیلەسوف و شاعیرەکانی هیچ پێوەندییەکیان بە فیقهی یان ئۆرسۆدۆکسی ئایینیەوە نییە؟ موسوڵمان بە کام مانا؟ عیرفان و فەلسەفە چ فڕێکیان بەسەر فیقە و شەرعەوە هەیە؟ لە لێکۆڵینەوە لە دەقەکاندا، زانیم یەک شاعیر نەبووە کە شاعیر و موسوڵمانیش بووبێت، وەک کلۆلدێل کە شاعیر و مەسیحییەکی کاتۆلیکیشە. من هیچ بیرمەند یان فەیلەسوفێکی موسوڵمانم بۆ نەدەدۆزرایەوە شێوەی سیمایەکی وەک ئێمانۆئێل لێڤیناس بدات کە فەیلەسوف و جووی بڕواداریشە. بەدەم خوێندنەوەی بەرهەمی مێژووییەوە، بەردەوام ئەم پرسیارەم لە خۆم دەکرد: بۆ ئەو نەریتە شاعیرانەی ئیسلام دامەزراوەیی کردووه‌تەوە، لەسەر داهێنان و خەیاڵسازی دانەمەزراوە، بەڵکو بنچینەکەی لەسەر بەسترانەوەیە بە ئایین و دەسەڵاتەوە؟ وەک دوایین شتیش بڵێم، بۆ وڵاتانی عەرەب لە وتنەوەی شاعیرانی گەورە [لە خوێندندا] خۆیان بەدوور گرتووە؟ شاعیرە گەورەکان بە درووستی نەوتراونەتەوە.

حووریە: تەنانەت موتەنەببیش؟

ئەدۆنیس: موتەنەببی خراپ وتراوەتەوە. قوتابیان و خوێندکاران تەنیا چەند شیعرێکی دەناسن. بە پێچەوانەوە، جیهانی شیعریی موتەنەببی، وەک دنیای شاعیرانی گەورەی تر، نەناسراو دەمێنێتەوە، چونکە ئینکار کراوە یان خراپ خوێنراوەتەوە. ئەو کات من بڕیارم دا دەست بدەمە ئەم کارە بۆ ئەوەی دووبارە بیر لەم نەریتە بکەمەوە و مێژوویەکی دیکە بنووسمەوە. ئەوەی من کردوومە، تەنیا کردنەوەی ئاسۆیەکە بەسەر لێکۆڵینەوەدا.

حووریە: بەڵام ڕێگەکەت بێ ڕێبوار مایەوە.

ئەدۆنیس: بە داخەوە. بەڵام لە ئێستەدا دەسپێکێکی پرسیار هەیە.

حووریە: کاتێ دەڵێم ڕێگەکەت درێژەی پێ نەدرا، بۆ ئەوەمە بڵێم کە دوای تۆ نەوەیەک نییە بۆ ئەوەی پرسیارەکان بەرەو پێشەوە پاڵ بنێت. وەک نەوەی مستەفا سەفوان پاش نەوەی مستەفا زیوەر[12] یان تەها حوسێن.

ئەدۆنیس: نێوەندە ئەدەبییەکان دەستیان کردووە بە سەرنجدانی ئەم شێوە خوێندنەوەیەی ئەدەب. لاوان ڕوویان تێکردووە. نەگۆڕ و بگۆڕ چەندین جار چاپ کراوەتەوە. بووه‌ بە بەرهەمێکی کلاسیک لە مێژووی ئەدەبدا. ئەمڕۆکە گەیشتووەتە چاپی پازدەیەم. نێوەندە ڕۆشنبیرییەکان پشتگیری و داوای بیرێکی ئازادتر دەکەن. بەڵام هێشتا دەبێ زیاتر بچیتە پێش. ئەمەی کراوە، تەنیا سەرەتایە. ئێستە کاتی پرسیارە لە بنچینەکانی ئیسلام و جمگەکانی ئەو کولتوورەی پێی دەڵێن کولتووری ئیسلامی. لە هەموو حاڵەتێکدا، هەنووکەش، دەسکەوتەکە ئەوەندە نییە: ئەو ئیسلامەی کە پشتی بنەڕەتخوازی دەگرێت، ئایینێکی بێکولتوورە. بە وتەیەکی دیکە، عەرەبەکان سەرچاوەکان و جەستەیان لە بیر دەکەن.

حوورییە: ئەو پرسیارەی خۆی دەسەپێنێت، ئەمەیە کە: گەر وەک هەندێ ڕۆشنبیری عەرەب -مستەفا سەفوان بۆ نموونە- هێگل، مارکس، هایدگێر، کانت، لاکان، فرۆید، فووکۆ، یۆنانییەکانمان خوێندەوە، ئیتر تاقەتی خوێندنەوەی تەبەری و ئیبنولكەسیرمان دەمێنێت؟ دەکرێت بێئاگایی ئێمە لە کولتوورەکەمان لێرەوە بێت کە دوای دۆزینەوەی ئەو دنیا ڕووناکبیرییە گەورەیە چیدی نه‌توانین نوقمی ئەم جەستە تیۆلۆژییەی ئەم دنیا کۆنە ببین.

ئەدۆنیس: من تەواو هاوڕاتم. بەڵام دەبێ ئەمەش روون و دووپات بکەینەوە و ڕێک بڵێین کە ئەوڕۆکە شتێک نییە بە ناوی کولتووری عەرەبی.

حووریە: چۆنچۆنی؟

ئەدۆنیس: بەو مانایەی کولتوورێکی خولقێنەری عەرەبی نییە کە بەشداری گۆڕینی دنیا بێت. لە کاتێکدا دەکرێ باسی کولتووری فەڕەنسی یان ئەمەریکی بکەین. کێشەی فەڕەنسی یان ئەمەریکی هەیە، ناتوانین باسی بوونی دنیابینییەک بکەین کە لە بنەڕەتەوە عەرەبی بێت. پرسێکی عەرەبی نییە، چونکە ئیسلام بەسەر دنیابینیی عەرەبدا زاڵە. موسوڵمان لە ڕوانگه‌ی ئیسلامییەوە دنیا دەبینێت، کە ڕوانگەیەکی کۆن و داخراوە. ئیسلام نە دنیای پێویستە، نە ئەویدی و نە کولتوور، چونکە خۆی کولتووری ڕەهایە. نەگۆڕ دەمێنێتەوە و ئەمەش تا کۆتایی دنیا هەر وایە. لە لایەکی دیکەوە ئیسلام بەراورد بە ژیارە کۆنەکان چ شتێکی تازەی هێناوە؟

حووریە: ڕەنگە جۆرێک دانانی حەکایەت و فەلسەفەیەکی عەرەبی کە هەوڵی داوە ئایین لەگەڵ کەلەپووری یۆنانی و لە دواییدا عیرفان ئاشت بکاتەوە.

ئەدۆنیس: بەڵام من باسی ئێستەمان دەکەم. بیریشمان نەچێت کە عیرفان لە کولتووری ئیسلامیدا هەمیشە پەراوێز خراوە. هەر وەک هەوڵەکانی فەلسەفە، کە پێی لەسەر ئاشتکردنەوەی فەلسەفە و ئایین دادەگرت و دەمێکە وەستاون.

حووریە: عیرفان-وەک فەلسەفە- لە لایەن خوداناس و فەقیهە توندەکانەوە خراپ هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە. بەڵام بەشێک بووە لە ڕایەڵە ڕۆشنبیريیەکانی کۆمەڵگه‌ی عەرەبی، ئەگەرچی ئەوڕۆکە عارفەکان چیدی ناخوێنرێنەوە، یانی زیاتر لە فەیلەسوفەکان ناخوێنرێنەوە.

ئەدۆنیس: لەبەر ئەمەیە کە گوتم عەرەبەکان نە سەرچاوەکانی خۆیان دەناسن و نە جەستەی [هزری و کولتووری]یان. لە کاتێکدا ڕوانینیان ڕەبەق ئایینی دەمێنیتەوە، تەنانەت کتێبەکانی خۆیشیان ناخوێننەوە. بە داخەوە کە زمانی دەقە دامەزرێنەرەکەی خۆشیان نازانن.

حووریە: چۆن دەشێ زۆربەی ڕۆشنبیرانی ئاگادار لە سەردەمی ڕۆشنگەری و فەلسەفەی خۆرئاوایی، نەتوانن دنیابینیی ئایینی تێپەڕێنن؟

ئەدۆنیس: سەرەتا، ترس. دوای ئەوەش، لەبەر ئەوەی کە لە دڵێ کۆمەڵگه‌ی عەرەبیدا، ئەمە دەبێتە ڕاگەیاندنی شەڕ دژی ئەم کۆمەڵگه‌یە. بیرکردنەوە وەک کارێکی لێ دێت و بیرکەرەوەش دەبێتە کارمەندێک کە دەترسێت. دەبێ ددان بەوەشدا بنێین کە کۆمەڵگه‌ی ئێمە بلیمه‌تی گەورەی تێدا نییە. نووسەرێک نابینی هەندێ پرسیاری بنچینەیی لەسەر ئایین، خودا، ئیمان، بوون، هونەر، زمان ... بپرسێت. نووسەر هیچ پرسیارێکی بنچینەیی لەسەر نەریت و کولتوورمان ناپرسێت. تاقە ئەدەبێک هەیە، ئەدەبێکی دووپاتەکییە.

حووریە: لە کۆمەڵگه‌یەکدا ترس و شیر پێکەوە بخورێنەوە، کە بیرکردنەوە مەحکوم بن، کە کاتێک دەستت دایە پرسیار لە جەستە و کەلەپوور، ترسی ئەوەت هەبێت شاربەدەر و سەرکوتت بکەن، چۆن دەتوانی بلیمه‌ت بیت؟

ئەدۆنیس: ئەمە پرسیارێکی ئێجگار ئاڵۆزە. هەموو جۆرێکی کۆتوبەند هەیە. لە نێویاندا ئەم ڕاستییە شیاوی بیرهێنانەوەیە کە: ئەوانەی فەیلەسوفانی خۆرئاواییان خوێندووەتەوە و لەگەڵ بیری خۆرئاوایی ئاشنان، چیدی بەشێک نین لە جەستەی کولتووریی عەرەب. کەوابوو، ئەمانە لە نێوان کولتووری ئەوروپی و گرۆ بۆ وڵاتی زێدیاندا ون بوون.

حووریە: ڕۆشنبیری عەرەب دوو جار ئازار دەبینێ. ئازاری غوربەتی دووجارەکی. دوو جار تەریکخران.

ئەدۆنیس: کولتووری ئێمە، تەنانەت ئێستەش، شەڕی هەر شتێکی جیاواز دەکات. ئەو بیرمەندەی بە نیازە واز لەو ڕوانینە کلاسیکەی ئایین پێیدا هەڵداوە بهێنێت، چیدی ڕێگەی نادرێت بەشێک بێت لە کۆمەڵ. تاوانی خیانەت و هەڵگەڕانەوە لە ئایین ده‌خرێته‌ پاڵی. تاک بەم جۆرە لە کۆمەڵگه‌یەکدا دەژی کە دای دەبەزێنێت بۆ لایەنگر. ئەمە پرسێکی مێژووییە: ئەوەی پێی دەڵێین "ئیسلام"، ڕێزی فرەجۆریی، تەنانەت لە نێو عەرەبەکان خۆیاندا، نەگرتووە. ئیسلام هێرشی کردووەتە سەر هونەر و ویستوویەتی چی جوانیی پێش خۆیەتی بیڕووخێنێت. لە کاتێکدا هونەر، دوور لەوەی جۆرێک جوانکردن و ڕازاندنەوەی ماڵ یان هۆنینەوەی گۆرانی بێت، بینینێکی دنیایە و پێوەندییەکە لەگەڵ ژیان.

حووریە: قورئان کاتێ باسی سەردەمانی پێش خۆی دەکات، پێیان دەڵێت جاهیلیەت، سەردەمی نەزانی. ئەمە سووکایەتی و نکۆڵییە لەو ژیارانەی پێش ئەو هەبوون: ژیاری پێرس و ژیارە فیرعەونی و میزۆپۆتامیەکان. لە کاتێکدا کە دەتوانین بڵێین ئیسلام لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بەراورد بە کۆمەڵگه‌ی ڕۆمی بەرەو پاش چووە.

ئەدۆنیس: کولتووری موسوڵمان، بەراورد بە پێش خۆی، داکشان و پاشڤەچوونە. ئیسلام لە جەنگەی کولتوورێکی خێڵەکیدا، کە لەسەر بازرگانی و دەسەڵات وەستاوە، پێگەیشت. گشتمان دەزانین یەکەم دامەزرێنەران بازرگانەکان بوون: خەدیجە، یەکەم ژنی محەمەد، بازرگان بوو؛ ئەبووبەکر، عومەر و عوسمانیش بازرگان بوون. ئەمەش داکشانە، نەک هەر بەراورد بە ڕۆمییەکان، بەڵکو بەراورد بە عەرەبی ئەوکاتیش. لە عەرەبستان ژنی وەک سەجاح هەبووە کە سەرۆکی خێڵەکەی بوو. پێش دەرکەوتنی ئیسلام، ژنان ئازاد بوون و دەیانتوانی لە نێو خێڵەکەیاندا پلەی هەرە بەرزیان هەبێت. مەککەیش خۆی شانۆی لەدایکبوونی موعەلەقات بوو، کە وەک خۆم بە شیعرێکی بە ڕاستی گەردوونیی دەزانم. ئەم ڕاستییەی کە وەحی زمانی موعەلەقات هەڵدەبژێرێت، مەزنیی ئەمە نیشان دەدات. عەرەبەکان ئەرکیانە سەرلەنوێ بیر لە کولتوورەکەیان بکەنەوە.

حوریە: تەها حوسێن بە پرسینەوە لە شیعری پێش ئیسلام کارێکی دەگمەنی کرد. ئەو قازییانەی حوکمیان دا، باش دەیانزانی شیعر لای ئیسلام خراپ سەیر کراوە. بە لۆژیک، دەبوا چەپڵەی بۆ لێ بدەن. بەڵام دەوڵەت مەحکومی کرد کە دەبێ تێزەکانی ڕەت بکاتەوە. لە ڕاستیدا، ئەوە بیرکردنەوە بوو کە نیشانی لێ گیرابوو. باسەکە ئەوەندەی ڕق بوو لە بیر و داهێنان، خۆشەویستی نەبوو بۆ شیعری پیش ئیسلام.

ئەدۆنیس: تەواو وایە. ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە و دەڵێم شیعری پێش ئیسلام شیعری بیرکردنەوە و ئەڤین و هزرینە. ئەم ڕاستییە سادەی کە وەحی زمانێک هەڵدەبژێرێت کە پێش ئەو هەیە، وەک باسم کرد، دەیسەلمێنێت ئەم زمانە بارگاوی بووە بە مەزنی و دەوڵەمەندییەکی بێکۆتا. بەڵام بازرگانی سەرکەوت و لەشکر بردیەوە. لەشکری سەرکەوتوو خۆی زەنگین کرد و بەم زەنگینبوونە دنیای داگیر کرد. دەبێ ئەمەش زیاد بکرێت کە ئیسلام لە سەرەتاکانیدا بەر نەیاری توند نەکەوت. بۆ نموونە، سوریا دژی ئیسلام شەڕی نەکرد. بەغداد، دیمەشق و میسر، چونکە دەسەڵاتی بیزانس خوێنی مژیبوون بە پیر موسوڵمانانەوە چوون.

حووریە: دەمەویست شتێک لەسەر دابونەریتەکانی ئەو سەردەمە زیاد بکەم. ئیسلام بە گژ مەسیحیەتدا چوویەوە، وەک لەگەڵ ئایینەکانی دیکەش کردی. لە کاتێکدا، یەکەم موسوڵمانان لە ترسی ئازاری مەکه‌ییەکان پەنایان بردە بەر شا نەجاشی، کە مەسیحی بوو. نەجاشی پەنای دان و ئازادی کردن بە دینەکەی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.

ئەدۆنیس: ئەم پەنابردنە بۆ حەبەشە فریای یەکەم موسوڵمانان کەوت. کەچی دواتر مەسیحییەکان پەلامار دران و پشتیان تێکرا. من ئەمەی دەخەمە سەر: دەەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی وڵاتان [ی ئیسلامی]، مادام زیندانی ڕوانینێکی فرە داخراون بۆ ئایین، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە تاکو ئێستە، هیچ کات نەیانتوانی کۆمەڵگه‌یەک یان دەوڵەتێکی هاووڵاتێتی و یەکسانی دامەزرێنن.

حووریە: فرۆید، ڕۆنانی جووایەتی بە هەڵوەشاندنەوەی سیمای مووساوە دەبەستێتەوە. مووسا میسری بووە و ویستوویەتی جووەکان لە کۆیلەیی بباتە دەر. دوو پەیاممان هەیە: یەکەم: سیمای بێگانەی دامەزرێنەر؛ دووەم، خەڵک بە هۆی ئەڤینی ئازادییەوە هۆگری بڕوایەک دەبن. لە کاتێکدا، هەر لە سەرەتاوە، ئێمە جگە لە باسی خێڵ و سەر بە خێڵ یان بنەماڵە بوون باس لە هیچی دی ناکەین.

ئەدۆنیس: بە هەڵدان بەسەر ئیسلامدا وەک چارەی ڕەها، ڕوانینی ئیسلامی هەندێ کێشەی وجودیی وەک ئەڤین، مەرگ و ئازادیی سڕیوەتەوە. بەم شێوە، مەرگ، ئەڤین یان ئازادی بیریان لێ نەکراوەتەوە یان پێناسە نەکراون، مەگەر لە نێو چوارچێوەیەکی ڕوون و ڕاست ئایینیدا بێت. هەموو تێڕامانێکی دیکە وەک هەرتەقە یان کوفر لێک دراوەتەوە.

حووریە: ئیسلام پێویستی بەوەیە دووبارە بیری لێ بکرێتەوە. ئەوەی جووایەتی و مەسیحیەت دەگۆڕێت، بزریی مەرگی دامەزرێنەرە. تۆ لە ئەلکیتاب‌دا دەڵێیت: لە کاتێکدا مەرگ هەموو گوتارەکە ڕۆدەنێت و ناتوانین باسی چیرۆکێکی ئازاد لە مەرگ بکەین، بەڵام موعاویە، ئەبووبەکر، عوسمان، عەلی... نەمردوون.

ئەدۆنیس: نە بیری تێدایە و نە هیچ پرسێکی دیکە. سەبارەت بە زمانی قورئان، زمانێکی جوانە، بەڵام بەلاغی و ناشەخسییە. بە پێچەوانەوە، زمانی شاعیرەکان لە خۆیدا بە ئەزموونی مرۆییەوە بەستراوە. زمانی شاعیرەکان زیندوو، خەیاڵاوی و تاکەکەسیترە. شاعیرانی عەرەب زمانی قورئانیان لە ڕوانگەیەکی جوانیناسانەوە سەیر دەکرد. وەک بەشێک لە جیهانێکی ئەدەبی کە تەنانەت پێش دەرکەوتنی ئیسلام هەبووە. زمانی ئیمروئولقەیس، تەنانەت لە وەرگێڕانیشدا، جوان و بەهێز دەمێنێتەوە.

حووریە: ئێستە لە ڕامانەکەی مستەفا سەفوان لەسەر زمانە باوەکان باشتر تێدەگەم[13]. ئەگەر قورئان بۆ زمانی باو وەربگێڕین، چیی لێ دەمێنێتەوە؟

ئەدۆنیس: لەبەر ئەمەیە داوا دەکرێت کە لەباتیی زمانی قورئان، ماناکانی وەربگێڕدرێن. هەندێ ڕەخنەگری ئەدەبی، هاوکاتی گوتنی ئەوەی کە قورئان لاسایی ناکرێتەوە، ڕەخنەی ماناکان دەکەن، نەک زمان. لەم ڕوانگەیەوە، گەرچی هیچ شاعیر یان نووسەرێکی عەرەب هەوڵی نەداوە لاسایی زمانی قورئان بکاتەوە، بەڵام دەتوانین دەقی شیعری یان پەخشانیی کە هێندەی دەقی قورئانی جوان بن بدۆزینەوە، بەتایبەت سوورەتە مەدەنییەکان.

 

 


[1] Marcel Detienne, L’identité nationale, une énigme, Paris, Gallimard, « Folio », 2010

[2] تەبەری، مێژوونوس و تیۆلۆگ، ساڵی ٨٣٩ی زایینی لە تەبەرستان لەدایک بووە و ساڵی ٩٢٣ لە بەغدا مردووە.

[3] ئیبن كەسیر، شرۆڤەکار و پەراوێزنووسی قورئان. ساڵی ٧٠١ی کۆچی لە سوریا لەدایک بووە و ساڵی ٧٧٤ی کۆچی مردووە.

[4] سەقیفە، شوێنێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مزگەوتی مەدینە. دوای مردنی پێغەمبەر، موسوڵمانان لێرە کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی سەرۆکێک بۆ کۆمەڵی موسوڵمان هەڵبژێرن.

[5] ادونیس، الثابت و المتحول، بیروت، دارالساقی، ١٩٧٣.

[6] Averroès: ئیبن روشد، ساڵی ٥٢٠/ ١١٢٦ لە قورتووبە لەدایک بووە و ١١٩٨ لە مەراکیش مردووە. ڕاڤەکاری ناسراوی ئەرەستۆ.

[7] بیرکارێکی ناسراوی عەرەب و بێگومان باشترین فیزیسیەن.  ٣٥٤/١١٦٥ لە بەسرە لەدایک بووە و تا ٤٣٠/١٠٣٩ ژیاوە.

[8] گرووپێک کە لە نیوەی یەکەمی سەده‌ی دووەمی کۆچییەوە لە شاری بەسرە شێوەگیر دەبێت و قوتابخانەیەکی بیری تیۆریی زۆر گرنگە.

[9] Avicenne: ئیبن سینا ٣٧٠/٩٨٠ لەدایک بووە و ٤٢٨/١٠٣٧ لە هەمەدان مردووە.

[10] ئیبن ڕاوەندی. ساڵی ٢١٠ کۆچی لەدایک بووە و لە تەمەنی چڵ ساڵیدا مردووە. سەرەتا سەر بە ڕێبازی موعتەزیلە بووە و دواتر وازی لە ئایین هێناوە. یەکێکە لە بیرمەندە بێئیمان یان ئاتێکانی ئیسلام.

[11] ئەبوو حامید غەزالی. تیۆلۆگ، فەقیه و چاکساز. ٤٥٠/١٩٥٨ بۆ ٥٠٥/١١١١ ژیاوە.

[12] مستەفا زیوەر یەکەم کەسە دەروونشیکاری بێنێتە نێو دنیای عەرەبی. دامەزرێنەری یەکەم زانکۆی دەروونناسییە لە دنیای عەرەبدا (زانینگەی عەینوششەمس لە قاهیرە). ساڵی ١٩٠٧ لە میسر لەدایک بووە و ١٩٩٠ مردووە.

[13] Cf. Mustapha Safouan, Pourquoi le monde arabe n’est pas libre: politique de l’écriture et terrorisme religieux, trad. de l’anglais par Cathrine et Alain Vanier, Paris, Denoel, 2008.

[ ب. بۆ. مستەفا سەفوان، بۆچی دنیای عەرەبی ئازاد نییە: سیاسەتی نڤیسار و تیرۆریسمی ئایینی، و لە ئینگ، کاترین و ئالەن ڤانیێ، پاریس، دەنۆئێل، ٢٠٠٨]

 ئه‌م بابه‌ته‌ 616 جار بینراوه‌

په‌یوه‌ندی

ناو        
ئیمه‌یل*    
په‌یامه‌كه‌ت*
  



Copyright (c) tirozh.krd, All rights reserved.