سەرهەڵدانی خوداپەرستی (یەکتاپەرستی) لە جەرگەی فرەخوداییەوە
2018-02-26 12:02:15

سەرهەڵدانی خوداپەرستی (یەکتاپەرستی) لە جەرگەی فرەخوداییەوە

دەیڤد هیوم

و: مەسعود بابایی

 

ڕێ و ڕەچەی خودایەکی سەرتر و ئافرێنەری سروشت، ئێجگار کۆنە و لەنێو گەلانی گەورە و پڕحەشیمەتدا پەرەی گرتووە و لە نێوان ئەواندا لە لایەن توێژەکان و هەموو جۆرە خەڵکێک پەسەند کراوە، بەڵام هەرکەسێک کە کامەرانیی ئەم ڕێ و ڕەچەیە بە ڕەخساوی ئەو هەنجەتە لەشکاننەهاتوانە بقەرسێنێ، کە بێگومان لەسەریان ڕۆنراوە، خۆی لە نەزانی و بێئاوەزیی خەڵک و دەمارگیریی بێدەرمانیان (لە پووچەڵانی خۆیاندا) گێل کردووە.

تەنانەت ئەمڕۆکە لە ئەورووپا ئەگەر لە پیاوێکی ڕەشۆکی بپرسن، کە بۆچی باوەڕی بە پەروەردگاری هەمەتوانا*ی جیهان هەیە، هەرگیز لە جوانیی هۆیەکانی پاشەوەتر نادوێ، کە هیچ زانیارییەکی لەبارەیانەوە نییە، هەرگیز دەستی خۆی درێژ ناکات و داواتان لێ ناکات کە لە نەرمی و جۆربەجۆریی گرێچکی ئەنگوستەکانی بڕوانن و چەمانەوەی هەموویان بەلایەکدا و هاوسەنگییان لەتەک کەڵەموست و نەرمیی لەپی دەستی و بەشە ماسولکەییەکان و تێکڕای چلۆنایەتییەکانی دیکە، کە ئەو ئەندامەی بۆ ڕاییکردنی کارەکەی لەبار کردووە، ببینن. لەمێژە بە هەموو ئەم شتانە ڕاهاتووە و بە خەمساردی و بێباکی لێیان دەڕوانێت. ئەو لەنەکاو لە مەرگی کتوپڕ و ناوەختی کەسێک یان لە کەوتنەخوارەوە و زامداربوونی ئەوی دی، یاخۆ لە وشکەساڵیی لە ڕادەبەدەری ئەم وەرزە و لە سەرماوسۆڵە و بارانی وەرزەکەی دی قسەتان بۆ دەکات و هەموو ئەمانە سەرلەبەر وەپاڵ خوداسایی دەدات و وەها ڕووداوانێک کە بە بۆچوونی ئاوەزمەندان تەگەرەی سەرەکیی دانپیانان بە هەبوونی ئاوەزی باڵا لە جیهاندایە، بەلای ئەوەوە هەنجەتی هەبوونیەتی.

زۆرێک لە خوداناسان، تەنانەت دەمارگیرترین و خاکەسارترینیان، نکۆڵییان لە خوداساییەکی تایبەت  کردووە و گوتوویانە هزری موگناتیسی یان بنەواشەی یەکەمینی هەموو شتێک، لەبەر ئەوەی یاسا هەمەکییەکانی زاڵ بەسەر سروشتدا دیاری دەکات، لێ دەگەڕێت تا ئەم یاسایانە لە ڕێچکەگرتنی خۆیاندا ئازاد و بێوەخراو (درنگ ناپذیر) بن و هەرجارەو سیستمی نەگۆڕی کاروبارەکان بە داواکارییە تایبەتەکانی تێک نادات. ئەوان دەڵێن کە پێکبەسترانی جوانی یاسا نەگۆڕەکان[ی سروشت] و بەبڕشتیی پەیتاپەیتای ئەو یاسایانە، دەتوانی بە بەڵگەی سەرەکیی ناسینی خودا لەقەڵەم بدەیت و بە یاریدەی ئەم بنەواشانەش دەتوانی وڵامی هەندێ سووچ و کەموکووڕی، کە لە یەزدانناسیی دەگیرێت، بدەیتەوە. تێگەیشتنی خەڵک هەندە کەمە، لەبەر ئەوەی دەبینن کە کەسێک تێکڕای ڕووداوەکان وەپاڵ هۆ سروشتییەکان دەدات و لەم نێوەدا نکۆڵی لە بوونی خودا دەکات، زۆر وێدەچێ ناتۆرەی قورسترین کوفرەکان لەو کابرایە بدەن. لۆرد بیکۆن(1) دەڵێ: ''دانایی کەم، مرۆڤان دەکاتە خودانەناس. دانایی ئێجگار لەگەڵ دیندا ئاشتیان دەکاتەوە.''

خەڵکێک کە لە پووچەڵانەوە فێر بووگن کە شتێک بە هەڵە بە بەنرخ لەقەڵەم بدەن، هەر کە تێبگەن کە ئەو شتە گرێوگۆڵی کارەکەیان لێک ناکاتەوە و هەر بە سووکە تێهزرینێک پەی بەوە ببەن کە ڕێچکەگرتنی سروشت، تەکووز و هەموارە، سەرلەبەر ئیمانیان هەرۆڵ و تڕۆ دەبێ. بەڵام هەر کە بە تێهزرین زیاتر فێر ببن، هەر ئەم تەکووزی و هەموارییە، خۆی بەهێزترین بەڵگەی شیرەت و ئاوەزی باڵایە، بۆ ئەو ئیمانە دەگەڕێنەوە کە پێشتر وازیان لێ هێنابوو و لەسەر بونیادێکی قایمتر ڕۆی دەنێن.

بەڵا سروشتییەکان و بێشیرازەیی و پەڕجووەکان، ئەگەرچی پێشێلکەری خوداسایی کارسازێکی ئاوەزمەندن، بەڵام بەهێزترین هەستە دینییەکان لە دڵی خەڵکیدا دەورووژێنن. [چونکە] هۆگەلی ڕووداوەکان لەم بارودۆخانەدا، نەناسراوتر و لە لێکدانەوەبەدەر خۆدەنوێنێن. شێتی و تووڕەیی و تۆسنی و خەیاڵپڵاویی، ئەگەرچی مرۆڤان بۆ پایەی دڕندەکان دادەکشێنێ، بەڵام حاڵەتانێکن کە لەواندا (بەبێ بژیوان) دەتوانی لەتەک خودادا ڕازونیاز بکەیت.

لەم هەموو قسانەوە، دەتوانیت بەرئەنجامگیری بکەیت، کە خەڵکی ڕەشۆکیی هەر گەلێکی خوداپەرست، هێشتا ڕێ و ڕەچەی خوداپەرستی لەسەر بنەمای بنەواشەگەلی لەئاوەزبەدەر و پووچەڵان بونیاد دەنێن و هەرگیزاوهەرگیز نەک لە ڕێگەی بەڵگە و لۆژیک، بەڵکو بەو چەشنەی کە لە هۆش و تواناییان بوەشێتەوە، بە ناسینی خودا دەگەن. زۆر وێدەچێ گەلێکی بتپەرست، کە باوەڕیان بە ئیزەدانی فرەفاق و پڕکەمایەسی هەیە، لە هەمان کاتدا خودایەکی یەکتا بە شێوەیەکی تایبەت دەپەرستن و پەسنی دەکەن. کەسانی سەر بەم گەلە یان وەها دەقەرسێنن، کە لە دابەشکردنی دەسەڵات و ماڵ و موڵکی نێوان خواوەندان، گەلەکەیان کەوتووەتە ژێر فەرمانی ئەو خودا تایبەتە و یاخۆ لەبەر ئەوەی جیهانی بڵیندیان چەشنی جیهانی نەوی قەرساندووە [و لە جیهانی نەویدا هەر گەلێک بۆ خۆی فەرمانڕەوا و میرێکی هەیە]، کەوابوو یەکێک لەو خواوەندانەیان کە (بە سروشت) خۆی لەتەک خواوەندانی دیکە یەکسانە، کردووەتە فەرمانڕەوای خواوەندانی دیکە و ئەویان بە خاوەنی هێزێکی هاوشێوەی پادشاکانی ئەم جیهانە بەسەر کۆمەڵانی خەڵک و بەندەکانی خۆی لەقەڵەم داوە. لەم ڕووەوە ئەم خودایە چ بە سەروەری تایبەتی ئەو گەلە و چ بە فەرمانڕەوای بەهەشتی بەرین لەقەڵەم بدرێ، پەرستندەکانی تێدەکۆشن تا خۆیان بە هەر ڕەنگ و دەنگ و فێڵ و تەڵەکەیەک بێت، بهاوێنە پەنای بەزەیی و سۆزی ئەوەوە و لەبەر ئەوەی پێیان وایە ئیزەدانیش چەشنی مرۆڤان لە پەسن و مەرایی شادمان دەبن، لە پاڕانەوە و ڕازونیازیاندا لە هیچ چەشنە پێداهەڵگوتن و زێدەپەسنێک (مبالغە) درێخی ناکەن. هەتا ترسەکان یان پەرێشانییەکانی خەڵکی زیاتر ببن، لە نوێژ و نزاکانیاندا شێوازانێکی نوێتر هەڵدەبژێرن و هەر بەو چەشنەی کە هەر وەچەیەک لە داهێنانی ناو و سیفەتە تازەکاندا دەکەوێتە پێش وەچەی پێشووی خۆی، بێگومان (هەر بەو چەشنەش (وەرگێڕ)) وەچەی دواتر لە هەڵبەستنی نزا نوێتر و پڕشکۆترەکاندا لێی پێش دەکەوێت.

خەڵکی بەم چەشنە لە ڕازونیازەکانیاندا دەگەنە تەشق، تا سەرئەنجام بە گەوهەرێکی بێسنوور دەگەن، کە چیدی ناتوانن لەوە زیاتر هەڵبکشێن. خۆ ئەگەر دیسان [لە خوداناسیدا] و بە دەربڕینی ساکاری پڕشکۆی گەوهەری خودایی، نەکەونە نێو پەپکەی ڕێ و ڕەچە دینییە شاراوە و تێکچڕژاوەکان و سروشتی ژیرانەی خودای خۆیان، کە هەر چەشنە پەرستن یان پەسنێکی لۆژیکی تەنها پێوەی بەند دەبێ، لەنێو نەبەن، کارەکەیان زیان و تەگەرەی نییە. مرۆڤان هەر کە هزریان لەسەر وێنای بوونەوەرێکی تەسەل و کردگاری جیهان سنووردار بکەنەوە، کارەکەیان لەتەک بنەواشەکانی ئاوەز و دانایی ڕاستەقینە پەیکاڵ دەبێت، ئەگەرچی خۆیان زیاتر نەک لە ڕێگەی ئاوەزگەری، کە تواناییان بەسەریدا ناشکێ، بەڵکو لە ڕێگەی سووکساری و ترسەکانی وەبارهاتووی تڕۆترین پووچەڵان بەو وێنایە دەگەن. گەلێ جار تەنانەت لەنێو گەلانی دڕندە و هەندێ جار لەنێو گەلانی شارستانیدا دەبینین، کە هەموو جۆرە قسانێکی مەراییانە لەبارەی فەرمانڕەوا ستەمکارەکانی خۆیان دەڵێن و تێکڕای سیفەتە مرۆییەکان [لەواندا] لە ڕادەبەدەر پەسن دەکەن، دواجار دەستوپێوەندە نۆکەرسیفەتەکان، ئەو فەرمانڕەوایانە چەشنی خواوەندانی ڕاستەقینە دەنوێنن و خەڵکی ناچار بە پەرستنیان دەکەن. کەوابوو، چ شتێک لەوە سروشتیترە کە خواوەندێکی کڵۆڵ، کە هەر لە سەرەتاوە بە ئافرێنەری بێ بژیوانی هەندێک لە چاکە و خراپەکانی ژیان لەقەڵەم دراوە، سەرئەنجام بە فەرمانڕەوای ئافرێنەر و پەروەردگاری جیهان بناسرێت؟

تەنانەت کاتێک کە هزری خودایەکی سەرتر [لە دڵاندا] دابچەقێ، ئەگەرچی ئەم هزرە دەبێ بە سروشتی خۆی لە هەر چەشنە پەرستنی [خودایەک]ی دیکە دابشکێنێ و تێکڕای خاوەن ڕێزەکان لە ڕێز دابڕنێت، هەمدیس ئەگەر گەلێک بڕوای بە خودا یا قەدیس یان فریشتەیەکی بریگرتە و بندەست[ی خودای سەرتر] هەبێت، ڕازونیازەکانیان لەپێناویاندا کەم کەم پەل دەهاوێن و زیان بە خودای سەرتر دەگەیەنن، کە شایانی ئەو پەسنەیە. مەریەمی عەزرا لە سەرەتادا تەنها ژنێکی سەلار بوو، بەڵام پاشان زۆرێک لە سیفەتەکانی خودای پاوان کرد، ئەگەرچی بزووتنەوەی چاکسازیی دینی(2) بوو بە لەمپەری [برەوی] ئەم [خەیاڵکرد]ە. مسکۆیانەکان لە تێکڕای نوێژ و ڕازونیازەکانیاندا، هاوکات ناوی خودا و نیکۆلای پاک(3) پێکەوە دەهێنن.

بەم جۆرە، ئیزەدێک کە لەبەر بەزەیی و سۆز، خۆی لە قەڵافەتی مانگایەک خزاندبوو تا ئەورووپا کۆڵکێش بکات(4) و لەبەر هەڵپەی دەسەڵاتی باوکی، ساتۆرنی لە تەختی پادشایەتی داکێشایە خوارەوە، بوو بە مایەی خێروخۆشیی گەورەی گەلانی کافر و ئیدی بەم چەشنە، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یەعقووب، بوو بە خودای سەرتر یان یەهوەی یەهوودییەکان.

یەعقووبییەکان کە نکۆڵییان لە تۆرەمی بێگوناه [حەزرەتی مەریەم] دەکرد(6)، بەردەوام لە ڕێ و ڕەچەی خۆیاندا  ناشاد بوون، ئەگەرچی کڵێسای ڕۆم لەبەر گەلێ هۆی سیاسی، لە بەکافرکردنی ئەوان دەپرینگایەوە. بەڵام بەگوێرەی گێڕانەوەی بولن ویلییە(8)  لە سەدەی پانزدەیەمدا کابرایەکی کوردلیی(9) ئیتاڵیایی، وەها ڕای خۆی دەربڕی: ''لەمیانی سێ ڕۆژدا کە مەسیح بەخاک سپێردرا، یەکبوونی سێیانەیی (ئوقنوم) لەبەریەک هەڵوەشا و لەو سێ ڕۆژەدا، چییەتیی مرۆیی چیدی شایانی پەسن نەبوو.''[1] بەبێ ئەوەی لە هونەری پێوارگۆیی پشکمان بەرکەوتبێ، دەتوانین بقەرسێنین خەڵک بێگومان وەها چاوقایمییەکی گەورە و گوناهکارانەیان بە دژواری سەرکۆنە کردووە. یەعقووبییەکان کە هەنووکە بەشێک لە پاداشتی خۆیان لەسای ناکامییەکانیان لە مشتومڕ لەسەر تۆرەمی بێگوناه وەرگرتبوو، [ئەوکوردلییە ئیتاڵیاییەیان] وەبەر جنێوی تاڵ و تفت دا.

دینداران لە هەموو سەردەمەکاندا، لە جێی ئەوە لەم مەراییانە خۆ ببوێرن، بە پێچەوانەوە، پەڕژاونەتە سەر خراپترین گۆترەگۆیی و دووفاقەوێژی.

هۆمیرۆس لە یەک بەنددا، ئوسەئانۆس(10) و تتیسی(11) لە بەرانبەر ئەفسانەکان و گێڕانەوەگەلی حاشاهەڵنەگری یۆنانی، بە دایکوباوکی سەرەکیی تێکڕای شتان ناودێر کردووە. بەم حاڵەشەوە لە بەندەکانی دیکەدا، [وادیارە] نەیتوانیوە لە پەسنی ژوپیتەر بەم ناونیشانە پڕشکۆیە (واتە خواوەندی خواوەندان)، خۆببوێرێ و لەم ڕووەوە ئەوی بە باوکی ئیزەدان و مرۆڤان ناودێر کردووە.

ئەو، لەبیری نەماوە کە هەموو کۆڵان و پەرستگەیەک تەژی لە پێشینان و مامەکان و برایان و خوشکانی ژوپیتەر بوو و خۆ ژوپیتەریش کەسێک نەبوو بێجگە باوککوژ و دەستبەسەرداگرێکی نوێجووقاو. هەر بەم چەشنە، پارادۆکسێک لە گوتەکانی هزیودیشدا وەبەرچاو دەکەوێ و گوناهەکەی ئەو بۆ لێخۆشبوون ناشێ، چونکە مەبەستی هزیود خۆی گوتەنی، بەرهەڤکردنی بنەچەنامەی ڕاستەقینەی خواوەندان بووە.

 

 


*  مەبەست ئەوەیە هەموو توانایەکی هەیە و توانای بەسەر هەموو شتێکدا دەشکێ. (سیفەتێک لە سیفەتەکانی پەروەردگار (وەرگێڕ).

[1] . [وەرگیراو لە کتێبی] کورتەمێژوو (Histoire Abrégée)، لا 499.

 ئه‌م بابه‌ته‌ 425 جار بینراوه‌

په‌یوه‌ندی

ناو        
ئیمه‌یل*    
په‌یامه‌كه‌ت*
  



Copyright (c) tirozh.krd, All rights reserved.