کەمینەکانی هەرێمی کوردستان
2018-02-26 01:02:23

کەمینەکانی هەرێمی کوردستان

دڵشاد حامید

ماددەی (١)ی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان-عێراق، هەر یەک لە (تورکمان، کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن) بە کەمینەی نەتەوەیی و (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی، و هیی دیکە)ی بە کەمینەی ئایینی و ئایینزایی لە قەڵەم داوە.

هەڵبەت بەسەرکردنەوەی هەریەک لەو کەمینانەی ناویان هاتووە لەم ماددەیەدا و ئەوانەشی بە مەبەست یاخود به‌بێ مەبەست فەرامۆش کراون، کارێکی خراپ نییە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نزیکەی سەرجەم ململانێ و پێکدادان و دابەشبوونە ڕادیکاڵەکان لە بۆتەی کۆمەڵگەی کوردستاندا ئایینین نەک نەتەوەیی، ئێمە زیاتر گرنگی بە کەمینە ئایینییەکان دەدەین. وەک چەسپاندنێکی ئەم ستراتیژە، ئەو کەمینانەی کە (ئایینی - نەتەوەیی - زمانی)ین، ئێمە تەنها بایەخ بە ڕەهەندە ئایینییەکەی دەدەین، واتە لەبری ئەوەی ئاشوورییەکان وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی باس بکەین، دێین کەمینەی (مەسیحی) وەردەگرین.

دەبێت ئەوەش بڵێین کە لە نێو ئەم کەمینانەشدا تیشک دەخەینە سەر ئەوانەی کە مرۆڤی کورد کەمترین زانیاری و زۆرترین بەدحاڵیبوونی لەبارەیانەوە هەیە. پشتبەست بەم دوو بنەواشەیە، ئێمە لەم بەشەدا پەیجۆری هەریەک لە کەمینەکانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، بەهائی) دەکەین.

 

(١-٢)

کەمینەی مەسیحی

مەسیحییەت کە لە ئێستادا زۆرترین باوەڕدار و شوێنکەوتووی هەن لە جیهاندا، ڕۆژگارێک ئایینی زۆرینەی دانیشتوانی عێراقی عەرەبی و بەشێکی سەرەکیی خەڵکی ئەم هەرێمەی خۆمان بووە، بەڵام لە دوای لەشکرکێشیی ئیسلامی بۆ ئەم ناوچەیە، گڵۆڵەی ژمارەی مەسیحییەکان (گاور، دیان، فەلە) دەکەوێتە لێژی، بە شێوەیەک، لە ئەمڕۆدا کەمینەیەکی تەرێز و مافخوراو و چەوساوەی زێدی ڕەسەنی خۆیانن.

 

  • عیسای مەسیح لە ئینجیلەکاندا

مەسیح بە عیسای کوڕی مەریەم دەگوترێت کە لە بەیت لەحم لە خێزانیکی مامناوەند هاتووه‌تە دونیاوە،[1] ئەو باوکی دارتاش بوو،[2] خۆشی هەمان پیشەی باوکی هەڵگرتبووه‌وە.[3] ئینجیلەکان شتێکی ئەوتۆ لەبارەی منداڵیی مەسیحه‌وه‌ ناڵێن، بەڵام لە دەوروبەری سی ساڵیدا کە سەرگەرمی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی بوو، ڕووبەڕووی کێشمەکێشێکی قورس ببووه‌وە، بە تایبەت لەتەک ڕاهیبە جوولەکەکاندا، تا دواجار بە ڕێنیشاندەریی یەک لە قوتابییەکانی خۆی بە ناوی (یەهوزای ئەسخەریوتی) لە لایەن سەربازە ڕۆمانییەکانەوە قۆڵبەست دەکرێت و پاش دادگاییکردنی لە خاچ دەدرێت. لە ڕۆژی سێیەمیشدا هەڵدەستێتەوە و خۆی نیشانی هاوەڵانی دەدات و بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێت.[4]

 

  • بیروباوەڕ و سرووت:
  • ترینیتی (التثليث):

لە ئایینی مەسیحییەتدا خواوەند لە سێ کەسایەتی یاخود ڕاستتر لە سێ ئوقنوم پێک هاتووە، ئوقنومی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز، هەڵبەت بەدحاڵیبوونێکی ئابڕووبەر لە لای موسوڵمانان لەمەڕ ئەم پرسە هەیە کە بێگومان زادەی بێئاگاییەکی قووڵە لە بنەما سەرەتاییەکانی یەزدانناسیی ئەم ئایینە، چونکە مەسیحییەکان یەکتاپەرستن و بوونی سێ ئوقنوم بە هیچ شێوەیەک واتای فرەخوایی نابەخشێت.[5]

سەرەتا ئەگەر بابەتییانە چاوێک بە پەیمانی کۆن و نوێدا بخشێنین، بەر کۆمەڵێک دەق دەکەوین کە ڕاشکاوانە باس لە بوونی خوایەکی تاک و تەنها دەکەن، لەوانە ((ئەی ئیسڕائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە))،[6] لە پەیمانی کۆندا و ((یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات... لێی پرسی چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟ عیسا وەڵامی دانەوە لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە ئەی ئیسڕائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە))[7] لە پەیمانی نوێدا.

ئێستا دەپرسین ئەی بوونی سێ ئوقنومی یەزدانی چۆن پێچەوانە ڕاناوەستێت لەتەک بیرۆکەی بوونی تاکە خوایەکدا؟ هەنگاو بە هەنگاو وەڵامی ئەم پرسیارە دەچنین و سەرەتا بەوە دەست پێ دەکەین کە ئوقنوم وشەیەکی سریانییە و بەرامبەرەکەی لە یۆنانیدا (هیبوستاسیس-ὑπόστᾰσις)ە کە واتای (کەس، سروشت، چییەتی و هتد) دەگەیەنێت، سێ ئوقنومەکەی ترینیتیی پیرۆزیش بریتین لە (خاسیەتی خودیی) جەوهەری یەزدان، ئەگەر بە زمانێکی یاسایی بدوێین دەڵێین ئەمانە پایەکانی (أركان) خودی خوان. هەوڵ دەدەین بە نموونەیەک بابەتەکە ڕوونتر بکەینەوە. ئەم پەرتووکەی دەیخوێنیتەوە، هەڵگری دوو جۆر خاسیەتە، خودی و ناخودی، خودییەکان پایەکانی ئەم پەرتووکەن وەک کاغەز و مەرەکەب و هتد، خاسیەتە ناخودییەکانیش ئەوانەن کە ناچنە ئەم چییەتییەوە (ماهية)، وەک باشی و خراپی و بەسوودی و هتد، ئەمەی باسم کرد، بۆ خواش دروستە، ئەو خاوەنی کۆمەڵێک خاسیەتی خودییە، خوا دەبێت هەبێت (ئوقنومی باوک)، و ئەم خوایەی کە هەیە دەبێت ئاوەزمەند بێت (ئوقنومی کوڕ، وشە، لۆگۆس)، ئەم بوونە ئاقڵە دەبێت زیندوو بێت (ڕۆحی پیرۆز).[8]

لە پاڵ ئەمانەدا، خوا خاوەن کۆمەڵێک خاسیەتی ناخودییە، وەک میهر و خۆشەویستی و دانایی و هتد. ئەوەی زۆر گرنگە بیزانین، ئەوەیە کە خوا زۆر جار بە یەک لە ئوقنومەکانی گوزارشت لە خۆی دەکات، بۆ نموونە، لە پەیمانی نوێدا خوا بە ئوقنومی وشە (کوڕ، لۆگۆس) تەعبیر لە خۆی دەکات ((لە سەرەتادا وشەکە هەبوو...))[9]

ئەم ترینیتییە تەنانەت لە مرۆڤیشدا ئامادەگیی هەیە، ئێمە خاوەنی (ڕۆح و جەستە و نەفس)ین و هەرسێکیان پێکەوە مرۆڤ پێک دەهێنن و دەشتوانرێت بە یەکێک لەمانە گوزارشت لە خۆمان بکەین، بۆ نموونە دەتوانم من بڵێم (ئەم پەرتووکەم بە گیان نووسیوە).

لە کۆتاییدا گرنگە بڵێم کە عیسا بە کوڕی خوا لە قەڵەم دەدرێت، واتای ئەوە ناگەیەنێت کە زادەی پەیوەندیی سێکسیی خوایە، یاخود باوک لە چرکەساتێکی مێژوویدا کوڕ دەهێنێتە بوون، وەک چۆن عەقڵیەتی میللی ئیسلامی و قورئان وێنای دەکەن،[10] بەڵکو ئەو کوڕی خوا و کوڕی مرۆڤیشە، لاهوت و ناسوتە، واتە لە لایەک ئەو سروشتی خوای هەڵگرتووە، لە لایەکی دیکەوە ئەم سروشتە یەزدانییە لە جەستەی مرۆڤدا دەرکەوتووە.

 

  • گوناهی یەکەم (الخطيئة الأولى):

بەگوێرەی پەیمانی کۆن، خوا ئادەم لە گڵ و حەواش لە یەکێک لە پەراسووەکانی ئادەم دەئافرێنێت. ئەم دوانە لە باغچەی عەدەندا داناسەکنێن و لە درەختی (زانینی چاکە و خراپە) دەخۆن کە خوا لێی یاساغ کردبوون.[11] ئیتر لێرەوە خۆیان و نەوەکانیان بەر سزای خوا دەکەون و مەرگ و تاوان دەخزێنە دونیای مرۆڤەوە، وەک پۆڵس دەڵێت ((... لە ڕێگەی مرۆڤێکەوە گوناهـ هاتە جیهانەوە، لە ڕێگەی گوناهیشەوە مردن، بەم شێوەیە مردن هەموو خەڵکی دەگرتەوە...)).[12]

ئاشکرایە لە لاهوتی مەسیحییەتدا قسەی زۆر لەمەڕ چییەتیی گوناهی یەکەم و مانەوەی بۆ ئێمە کراوە؛ بەڵام بە بۆچوونی ئێمە، ئەو ڕاڤەیەی بە تەواوەتی لەتەک کتێبی پیرۆزدا یەک دەگرێتەوە، ڕاڤەکەی سانت ئاگۆستینە (٣٥٤-٤٣٠)؛ ئەو بڕوای وابوو کە خوا بە بە بێگەردی ئادەم و حەوای دروست کرد، هەرچەندە ئەم جووتە توانستی گوناهکردنیان هەبوو (Posse Peccare)، بەڵام بە هەمان شێوە توانستی گوناهنەکردنیشیان هەبوو (posse non peccare). ئەوەی لە تاوانی یەکەمدا دەقەومێت، ئەوەیە کە مرۆڤ توانستی گوناهنەکردن (posse non peccare) لە دەست دەدات و (non posse non peccare) شوێنی دەگرێتەوە کە واتای (ناتوانستی گوناهنەکردن) دەگەیەنێت.[13]

بە کورتی، گوناهی یەکەم (Original Sin) بووە هۆی سیخناخبوونمان بە سروشتێکی بەد و شەڕانگێز، بە شێوەیەک کە ئاستەمە گوناهی کردەیی (Actual Sin) ئەنجام نەدەین، وەک لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە ((کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش...))[14]

 

  • ناردنی مەسیح بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی:

لە ئایینی مەسیحیەتدا ئادەم و مەسیح دوو فیگۆرن تەواو پێچەوانە کار دەکەن، یەکەم مەرگ و دووەم نەمریمان پێ دەبەخشێت. خوا بە سزادانی ئادەم دادگەری و بە ناردنی مەسیح خۆشەویستیی خۆیمان بۆ بەیان دەکات. ئاخر سزای مەرگ لەسەر گوناهی یەکەم دانرابوو، وەک لە ڕۆمادا هاتووە ((کرێی گوناهـ مەرگە))،[15] بەڵام لەتەک ئەمەشدا خوا نایەوێت کەس لەناو بچێت، لەبەر ئەوە ئوقنومی کوڕ بەرگی مرۆڤ دەپۆشێت و دێتە نێو جیهانی مرۆڤەوە، بە لەخاچدانی سزای گوناهەکانمان لە ئەستۆ دەگرێت، وەک لە مزگێنی بە گێڕانەوەی یۆحەنادا هاتووە ((بۆ بەیانی یەحیا بینی عیسا دێتە لای، گوتی ئەوەتا بەرخی خوا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات!))[16]

 

  • ئەو دونیا:

کەم نین ئەو دەقانەی لە پەیمانی نوێدا باس لە گەڕانەوەی شکۆمەندانەی مەسیح و لێپرسینەوە و پاداشت و سزا دەکەن، وەک چۆن کەم نین ئەو بۆچوونانەی لەمەڕ ئەم دەقانە لە لاهوتی مەسیحییەتدا گەڵاڵە بوون، لەبەر ئەوە ئۆدیسیۆسئاسا ئێمە خۆمان لەو تەونە ئاڵۆزە قوتار دەکەین و دەقگەرایانە ئەم وێنەیە لە ئینجیلی مەتاوە دەگوازینەوە (کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت، ئەوکات هەموو نەتەوەکان لە بەردەمیدا کۆ دەبنەوە و ئەویش دەست بە جیاکردنەوەیان دەکات، ئەوانەی لای ڕاستیەوەن، لە بەرەکەتی خوادا دەژین و دەبنە میراتگری ئەو شانشینەی لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆیان ئامادە کراوە، ئەوانەشی لای چەپیەوەن دۆزەخ مەنزڵی ئەبەدییان دەبێت).[17]

 

 

  • گرنگترین سرووتەکان (ڕیتواڵ):

دیارترین ڕیتواڵەکان لە مەسیحیەتدا بریتین لە نوێژ (١ تیمۆساوس٢: ١) و ڕۆژوو (مەتا ٦: ١٦) و لەئاو‌هەڵکێشان (مەتا ٣: ١١) و هتد.

 

 

  • پەرتووکە پیرۆزەکانیان:

کتێبی پیرۆز هەردوو پەیمانی کۆن و نوێ دەگرێتەوە، پەیمانی کۆن لە (٣٩) پەرتووک پێک هاتووە. هەرچی پەیمانی نوێشە، هەریەکە لە مزگێنی (بە چوار گێڕانەوە) و کردار و نامەکان و ئاشکراکردن دەگرێتە خۆی، کە سەرجەمیان دەکاتە (٢٧) پەرتووک.

 

  • ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:

لە ساڵی (٢٠٠٣)دا ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق لە نێوان (١- ١.٤) ملیۆندا بوو،[18]  ئەم ژمارەیە ساڵانی دواتر بۆ (٤٥٠-٥٠٠) هەزار کەم دەکات.[19] لەمەڕ دابەشبوونی جوگرافییان، زۆرینەیان دانیشتووی بەغدا و موسڵ و ناوچە کوردنشینەکان بوون، بەڵام دوای شاڵاوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، زۆربەی مەسیحییەکان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

 

(٢-٢)

کەمینەی ئێزیدی

زۆرینەی ئەو ئێزیدییانەی بەریان دەکەوم، ناخوازن شتێک لەمەڕ ئایینەکەیان بەیان بکەن، ئەوان وەک باڵندەیەکی باڵشکاوی بەردەم توندئاژۆیی ئیسلامی هەمیشە لە هەڵپەی پووشبەسەرکردنی ئایینەکەیاندان لەپێناو ڕاگرتنی دڵی زۆرینەیەکی بێدڵدا، زۆرینەیەک کە زێدیان بە ڕاوگەیەک دەبینێت بۆ سەلماندنی سوارچاکیی خۆی لە کوشتن و ڕاپێچکردنیاندا. خۆشبەختانە ئەم سڕمەگۆییە ڕێگر نەبووە لەوەی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوە و وتار دەربارەی ئەم کەمینەیە بێنە دەر، بەڵام ئەوەی لەم تێکستانەدا تێبینی دەکرێت، بوونی بۆچوونجیاییەکی بێشومارە، بە شێوەیەک، کە تەنها لەمەڕ بنچینە و زمانە کوردییەکەیان نیمچەکۆدەنگییەک بەدی دەکرێت.

 

  • بنچینە و ناوی ئەم ئایینە:

دکتۆر خەلیل جوندی لە کتێبەکەیدا (الايزيدية و الإمتحان الصعب) هێما بۆ چوار تیۆری دەکات کە لە لایەن وردکۆڵەرانەوە لەمەڕ ئەم پرسە داڕێژراوە. یەکەم: ئێزیدییەکان گرووپێکی ئیسلامیی یاخی و گومڕان و دەردێنە پاڵ یەزیدی کوڕی معاوییە، واتە ئەوان ئێزیدی نین و یەزیدین. دووەم: ئایینێکی سەربەخۆیە و بێژەی (یەزیدی)یش دەگەڕێتەوە بۆ شاری (یزد)ی زێدیان لە وڵاتی ئێران. سێیەم: ئێزیدی ئایینیکی کۆنی دۆڵی دوو ڕووبارە. ئەمە لەسەر بنەمای ئەو لێکچوونانەی لە نێوان ئایینی ئێزیدی و ئایینە کۆنەکانی وەک سۆمەری و بابلی و ئاشووریدا بەدی دەکرێت. چوارەم: ئەم ئایینە پاشماوەی مانەوی یاخود زەردەشتییە.[20]

لە ڕاستیدا پرسی بنچینەیی ئەم ئایینە تا هەنووکە بابەتی گەنگەشە و مشتومڕی ناوەند و خانەکانی توێژینەوەیە؛ لەبەر ئەوە لەم کورتە نووسینەدا بوێریی ئەوەمان نییە پشتگیریی یەکێک لەم تیۆرانە بکەین، ئێمە تەنها ئەوەندە دەڵێین کە تیۆری یەکەم و دووەم ڕووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە بوونەتەوە. بەڵام لەبارەی بێژەی ئێزیدی یاخود یەزیدییەوە، ئەوەندە بەڵگە لە بەردەستدا هەن کە بەبێ دڕدۆنگی بڵێین ئەوان ئێزیدین لەبەر ئەوەی (ئێزید)[21] دەپەرستن.[22]

 

 

 

  • شێخ ئادی:

ئادی (عدي أو ‌آدي بن مسافر) کەسایەتییەکی دیار و مشتومڕ‌ئامێزە لەم ئایینەدا، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە شێخ لە ساڵی (١٠٧٤ ز) لە (بعلبك) لەدایک بووە و نەوەد ساڵێک ژیاوە،[23] لەمەڕ ڕەسەنی ئەم فیگۆرە، هەندێک بنچینەیەکی ئەمەوی دەدەنێ و بە موسوڵمانێکی سۆفیگەری دەزانن، هەندیکی دیکەش وای دەبینن کە کورد بووە و باپیرانی لە ناوچەی هەکارییەوە بۆ شام کۆچیان کردووە، کاتێکیش دێتە لالش دەبینێت ئایینە کۆنەکەیان لە لەسەروبەندی لەنێوچووندایە، بۆیە بیر لە ژیانەوەی ئایینی باب و باپیرانی دەکاتەوە و چینی شێخەکان (طبقة الشيوخ) دروست دەکات بۆ رێنمایی و بەرچاوڕوونکردنی خەڵکی ڕەشۆکی و سەرڕێ خستنەوەی ئایینە کۆنەکەیان و ڕێکخستنەوەی ئێزیدییەکان لە سەرجەم ئاستەکاندا.[24]

 

  • بیروباوەڕ و سرووت:
  • یەکتاپەرستی و تاوسی مەلەک:

ئێزیدییەکان ئیمانیان بە خوایەکی تاک و تەنها هەیە و لە گەواهیدانەکانیاندا دەڵێن: ((شەهدا دینێ من ئێک ئەللا، تاوسی مەلەک حەق حەبیب ئەللا)).[25]

ئەم خوا بێگەردە سەرەتا لە نوری خۆی حەوت فریشتە بە ناوەکانی (عزراییل و دەردائیل و ئیسرافیل و میکائیل و جوبرائیل و شەمنائیل و تورائیل)وە دەئافرێنێت. بەگوێرەی ئووستورەناسی (mythology)ی ئێزیدی، عزراییل (تاوس مەلەک) ئەو مەلەکەیە کە ڕەتی دەکاتەوە کڕنووش بۆ ئادەم بەرێت، لە پاداشتی ئەمەدا خوا دەیکاتە گەورەی فریشتەکان.[26] لێرەوە بە ڕوونی دەبینین بۆچی لە لایەن ئیسلامییەکانەوە تۆمەتی شەیتانپەرستییان بۆ دادەتاشرێت.

 

  • کراسگۆڕکێ (دۆنادۆن) و خواڕوودان (حلول):

ڕۆح لە بیروباوەڕی ئێزیدیدا نەمر و جاویدانە، لە تەنێک دەردەچێت و بەگوێرەی کردەوەکانی لە تەنێکی دیکەدا دەگیرسێتەوە. بە شێوەیەک، ئەگەر باشییەکانی لە خراپییەکانی زیاتر بوو، دەچێتە جەستە پاک و باڵاکانەوە (بەهەشتی)، بە پێچەوانەوە، بۆ جەستە پیس و دزێوەکان (دۆژەیی). ئەگەریش باشی و بەدییەکانی یەکسان بوو، لە جەستەی مەخلوقە کەساس و بەدبەختەکاندا دەردەکەوێت (تاریستانی).

هەرچی خواڕوودانە (حلول) لەم بەستێنەدا گواستنەوەی سیفەتە یەزدانییەکانە بۆ مرۆڤ لە ڕێگەی فریشتەکانەوە، کاتێک ئەمە ڕوو دەدات، کەسەکە خەسڵەتی یەک لە فریشتەکانی خوا هەڵدەگرێت و بە (خاس-چاک) دەناسرێت. ئەم هەبووە دوای تەواوبوونی کارەکەی کە جێبەجێکردنی ویستی خوایە لە سەر زەوی، ڕۆحی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی پێی دەڵێن (بەهەشتا باقی) و ئیتر بە (مەلەک) دەناسرێت.[27]

 

  • نوێژ و ڕۆژوو:

نوێژی ئەم ئایینە لە شێوەی نزادایە و ڕوولەخۆر (کە پێی دەڵێن قوبلەت بدۆر) ئاڕاستەی خوا و فریشتەکانی دەکرێتط لە دیارترینی ئەم نزایانە بریتین لە ١. نزای (بەیانی) لە خۆرهەڵاتندا. ٢. نزای (ئێوارە) لە خۆرئاوابووندا. ٣. نزای (پشت گرێدانێ) کە لە خەو هەڵدەستن. ٤. نزای (بەرێ سپێ) پێش ڕۆژهەڵاتن. لە پاڵ نوێژدا ئێزیدییەکان چەند جۆرێک ڕۆژوو دەگرن. ١. ڕۆژیێت ئیزی: کە سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممەی پێش هەیینیی یەکەمی مانگی کانونی یەکەمی یولیانیە. ٢. ڕۆژیێت خدر لیاس: دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممەی پێش پێنجشەممەی یەکەمی مانگی شوباتی یولیانیە. ئەم ڕۆژووە بۆ پیاوانی ئایینی و ئەوانەی ناوەکانی (خدر و لیاس)یان هەڵگرتووە، سێ ڕۆژە و بۆ گشتی خەڵک تەنها چوارشەممەیە. ٣. ڕۆژیا خودانی: ئەمە ڕۆژووی تایبەتی هەر خێزانیکە. ٤. ڕۆژووەکانی دیکە: وەک ڕۆژووی چلەگرەکان.[28]

 

  • پەرتووکە پیرۆزەکانیان:

زۆرێک دوو پەرتووکی کاڵوکرچ بە ناوەکانی (جلوە و مەسحەفی ڕەش) دەدەنە پاڵ ئێزیدییەکان کە بە هەردووکیان دە لاپەڕەیەک تێپەڕ ناکەن.[29] توێژەر و نووسەری دیار لە بیروباوەڕی ئێزیدیدا (عزدين سليم باقسري) نکۆڵی لەوە دەکات ئەمانە کتێبی ئێزیدییەکان بن و دەڵێت له‌ لایەن نائێزیدییەکانەوە بۆ شێواندن و ناشرینکردنی ئێزیدییەکان نووسراون؛ ئەو دەڵێت زۆرینەی دەقە پیرۆزەکانی ئەم ئایینە نەنووسراونەتەوە و لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە ئەزبەر کراون.[30]

 

 

  • ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:

نها ژمارەی ئێزیدییەکان خۆی دەدا لە (٤٠٠ بۆ ٥٠٠) هەزار و کەم دەکات.[31] هەرچی نشینگەیانە، زۆرینەی ئێزیدییەکان دەکەونە هەردوو پارێزگای موسڵ و دهۆکەوە، بە تایبەت دەڤەرەکانی (شێخان و سنجار و بەعشیقە و سێمێل و تلکیف و زاخۆ).

 

 

(٣-٢)

کەمینەی سابیئەی مەندائی[32]

ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، دەبینین کەمینەی مەندائی هەمیشە قوربانیی هێرشی دوژمنکارانەی زۆرینەی ئیسلامی بووە، هەڵبەت هۆکارانێکی جۆراوجۆر لە گۆڕێدان، بەڵام به‌بێ دڕدۆنگی یەکێک لە هۆکارەکان ئەو وێنە چەوتەیە کە هەر خودی زۆرینەی ئیسلامی لەمەڕ ئەم کەمینەیە لە خەیاڵدانی خۆیدا دای تاشیوە، لەوانە، ئەو واتەواتەی کە باس لەوە دەکات مەندائییەکان هەسارە و ئەستێران دەپەرستن، یاخود گوایە ئەمان ئەو کەسانە لە خۆیان دەکوژن کە کەوتوونەتە گیانەڵاوە.[33] تراژی- کۆمیدییەکە لەوەدایە کە ئایینی مەندائی یەکێکە لە کۆنترین ئایینە یەکتاپەرستەکان ئەگەر کۆنترین نەبێت. لەمەڕ کوشتنی ئەو کەسانەش کە دەگەنە سەرەمەرگ، زۆر بە سادەیی بوختانێکی گەورەیە و ئەوان تەنها بەرگی ئایینیی بە بەردا دەکەن و جەستەی پاکژ دەکەنەوە پێش مردنی.

 

  • زمان و بنچینەی مەندائییەکان:

مەندائییەکان بە زمانی مەندائی دەدوێن کە شێوەزارێکی زمانی ئارامییە،[34] سەبارەت بە بنچینەی ئەم کەمینەیە، دوو بۆچوون هەیە، یەکەمیان پێی وایە لە بنەڕەتدا خەڵکی فەلەستین بوون و لەژێر جەور و ستەمکاری جووەکاندا کۆچیان کردووە بۆ حەڕان و لەوێشەوە بۆ باشووری عێراق، ئەوەی ئەم بۆچوونە پشتئەستوور دەکات، ئەوەیە کە یەحیای پەیامبەر و مامۆستایان لە ڕووباری ئەردەندا خەڵکی لە ئاو هەڵکێشاوە. بۆچوونی دووەم کە هیی زۆرینەی لێکۆڵەرانە، وای دەبینێت مەندائییەکان دانیشتوانی ڕەسەنی دۆڵی دوو ڕووبارن، بە بەڵگەی حزوری لەمێژینەیان لەم ناوچەیەدا. [35] لەبارەی هاتنیان لە فەلەستینەوە، لە ڕاستیدا ئەوە کۆچکردنێک بووە بۆ پاڵ برا مەندائییەکانیان لە عێراقدا. ئەمە جگە لە بوونی لێکچوونێکی زۆر لە نێوان داب و نەریتی مەندائییەکان و دانیشتوانی دۆڵی دوو ڕووباردا و ئامادەگیی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە دەق و ئەدەبیاتی مەندائیدا.[36]

 

  • بیروباوەر و سرووتە سەرەکییەکان:
  • یەکتاپەرستی (سـهدوثا إد هيي):

مەندائییەکان نەک تەنە ئاسمانییەکان ناپەرستن، بگرە زۆر لە پێش ئیسلامەوە بەیداخیان دژی ئەم جۆرە لە پەرستن بەرز کردووه‌تەوە، بەڵگەشمان ئەم دەقەیە لە (كنزا ربا)دا ((باسم الحي العظيم أشرق نور الحي، وتجلى منداهي بأنواره، فأضاء جميع الأكوان، حطم ألوهية الكواكب، وأزال أسيادها من مواقعهم)).

 

  • ئەو دونیا:

لە ئایینی مەندائیدا خەڵکی ڕاستەوخۆ یان دوای پاکبوونەوە بە سزای گونجاو پێ دەنێنە جیهانی ڕووناکییەکانەوە (المي دنهورو)، لە كنزا ربادا هاتووە ((إذهبـي أيتها النفس إلى البلد الذي منه أخذوك... إذهبي إلى الدار التي فيها أبوك، وفيها أهلك وذووك. لقد كسرت القيود، وعبرت الحدود، ونزعت ثوب الجسد)).

 

  • نوێژ (البراخا):

كنزا ربا ژمارە و کاتی نوێژەکانی دیاری کردووە، هەموو مەندائییەک ڕۆژانە پێویستە ڕوو بکاتە باکوور و سێ نوێژ بکات، بەیانیان و نیوەڕوان و ئێواران.[37]

 

  • ڕۆژوو (صوما):

ڕۆژوو لەم ئایینەدا دوو جۆرە، ڕۆژووی گچکە (صوما زوطا) و ڕۆژووی گەورە (صوما ربا). یەکەم خۆگرتنەوەیە لە خواردنی گۆشت بۆ ماوەی (٣٦) ڕۆژ لە ساڵێکدا، دووەمیش دوورکەوتنەوەیە لە بەدکاری بە شێوەیەکی گشتی.[38]

  • لەئاوهەڵکێشان (المصبتا):

لەئاوهەڵکێشان لای مەندائییەکان سێ جۆرە، یەکەمیان (مصبوتا)یە کە لە ئاوهەڵکێشانی گشتییە و ڕۆژانی یەکشەممان لە ئاوی ڕۆیشتوودا (اليردنا)، دەکرێت. دووەم: (طماشة) کە لەئاوهەڵکێشانی تایبەتە و هاوشێوەی وسڵی شەرعییە لای موسوڵمانان. سێیەم (رشامة)یە و وەک دەستنوێژی موسوڵمانانە.[39]

 

  • پەرتووکە پیرۆزەکانیان:

سەرەکیترین پەرتووکە پیرۆزەکانی ئەم ئایینە بریتین لە گەنجی یەزدانی (كنزا ربا) و ڕێنماییەکانی یەحیا (دراشا اد يهيا). یەکەمیان بنەماییترین پەرتووکە و بە شێوەیەکی گشتی باس لە خوا و دروستبوون و کۆچی ڕۆح بۆ ئەو دونیا و چەندین بابەتی دیکە دەکات. دووەمیشیان باس لە ژیانی یەحیای پەیامبەر دەکات لەتەک ڕێنمایی و پەنددادان و ڕێنیشاندانەکانیدا.

 

  • ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:

نیشتیمانی سەرەکیی مەندائییەکان عێراقە، ئەوان پێش ساڵی (٢٠٠٣) ژمارەیەکی بەرچاویان لە پارێزگاکانی (بەغدا و عەممارە و بەسرە و کوت و دیالە)دا دەژیان، بەڵام ساڵانی دواتر بە هۆی ئەو پاشاگەردانییەی لە عێراقدا تا نها دەگوزەرێت، ژمارەیان بۆ (٨ - ١٠) هەزار کەم دەکات.[40] بەهەرحاڵ، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە کە لە ماوەی ڕابوردوودا بە هۆی سەقامگیریی ئەمنی و بوونی جۆرێک لە هەڵکردنی ئایینی تێیدا، ژمارەیەکی زۆری مەندائی لە هەرێمی کوردستاندا گیرساونەتەوە.

(٤-٢)

کەمینەی کاکەیی

یارسان/ ئەهلی هەق/ عەلی ئیلاهی[41]

هەرچەندە بە نیازی ئەوە نین کە کێوماڵێکی تەواوەتیی ئایینی کاکەیی بکەین و لە ڕەهەندە جیاوازەکانیدا قاڵ ببینەوە، بەڵام وەک دەستپێکێک بە پێویستی دەزانم هێما بۆ ئەوە بکەم کە نووسین لەمەڕ کاکەیی تاقەتپڕوکێنانە سەخت و دژوارە، ئەمەش بە هۆی نەبوونی ژێدەری پێویست بەراورد بە ئایینەکانی دیکە و بوونی خەرەندێک جیاوازی لە نێوان ئەو هەوڵانەدا کە بۆ شەنوکەوکردنی ئەم ئایینە دراون. هەڵبەت گشت ئەمانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێویستە لەسەر یارسانەکان نهێنیپارێز بن، بچووکترین زانیاری لەبارەی ئایینەکەیانەوە نەدرکێنن. لەم بارەیەوە سان سەهاکی بەرزنجی (١١٣٣-١٢٣٠ز) کە فیگۆرێکی دیاری ئەم ئایینەیە، گوتوویەتی ((راز نەکەران فاش راز نەکەران فاش، هانا ئەی یاران راز نەکەران فاش...))[42] ئەم سڕمەگۆییە لای کاکەییەکان گەیشتووه‌تە ئاستێک، کە لە هەندێک ناوچەی عێراقدا دەگوترێت ((كتوم للسر كالكاكائي)).[43]

 

  • لەبارەی بنچینەی ئەم ئایینەوە:

زێدەگۆیی نییە گەر بڵێین ژمارەی بۆچوونەکان لەمەڕ بنچینەی ئەم ئایینە لە ژمارەی لێکۆڵەرانیەوە نزیکە. هەڵبەت ئەمە سەراسیمەکەر نییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەرەتا باسمان کرد. هەرچۆنیک بێت (دەبلیو، ئاڕ، های) پێی وایە کاکەییەکان سۆفیگەرن و لەو باوەڕەدان کە خوا لە (عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب)دا جێگیر بووە.[44] مامۆستا (كريم نجم حضر الشواني) کە توێژینەوەیەکی تێروتەسەلی لەمەڕ ئەم ئایینە هەیە، بۆچوونی وایە کە سەرەتا ڕێبازێکی سۆفیگەری بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بار دەکرێت بە کۆمەڵێک بیروبۆچوون و دەچێتە دەرەوەی سۆفیگەری.[45]  هەر لەم بارەیەوە پارێزەر و توێژەر (عباس العزاوي) کاکەیی دەباتەوە سەر ئەو بزوتنەوەیەی کە بە (الفتوة) ناودێر دەکرا و لە ئەنادۆڵ و شوێنەکانی دیکە لە ژێر ناوی (الأخية)دا تەشەنەی کرد، بەڵام (رشيد الخيون) لە کتێبەکەیدا (الأديان والمذاهب بالعراق) بەرمەبنای ئەوەی کە (الفتوة) کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە توێژی گەنجان بووە، نەک ئایینزا، پەیوەندییەک نابینێت لە نێوان ئەم دوانەدا.[46] لە هەمان بەستێندا (ئەیوب ڕۆستەم) لە لێکۆڵینەوەکەیدا کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئەم کورتەباسەمانە، لەمەڕ کاکەیی ئەم وێنەیە دەچنێت ((کاکەییەکان لە بنەڕەتدا میترائی –میهرپەرست- بوون، بەڵام بە درێژایی مێژوو بە مەبەستی هەڵکردن لەتەک دەرەوەی خۆیاندا، سیما و ئادگاری ئایینەکانی دیکەیان پۆشیوە، بە تایبەت زەردەشتی و ئیسلام)).[47]

 

  • بیروباوەڕ و سرووت:
  • خوا:

لەم ئایینەدا خوا خۆرێکی دەرە وەسف و درکە، بەڵام ئەو کاتەی دێتە نێو تەنەوە، ئێمە ڕاستەوخۆ دەتوانین بەر ئەم حەقیقەتە بکەوین. بە واتایەکی دیکە، بیرۆکەی خوا بە پەنهانی دەمێنێتەوە هەتا لە ڕێگەی خواڕوودانەوە (حلول) خۆی لە دونیای ماتەر هەڵدەکێشێت.[48]

 

  • خواڕوودان (حلول):

بە بڕوای یارسانەکان خوا حەوت جار خۆی دەخاتە تەنی مرۆڤەوە، هەموو جارێکیش ئەو چوار فریشتەیەی لەتەکدایە کە پێش مرۆڤ ئافراندوونی (جوبرەئیل، ئیزرائیل، میکایل، ئیسرافیل). هەر لەم بارەیەوە لەو باوەڕەدان کاتێک خوا لە تەنی (عەلی کوڕی ئەبووتالیب)دا جێگیر دەبێت. پێغەمبەری ئیسلام تەنها فریشتەیەک بووە لەتەکیدا، هەر وەک چۆن پیر بنیامین (پیر خدری شاهۆ) فریشتەیەک بووە لە دەوری (سان سەهاک)دا. هەر لەبەر ئەمەیە بە (عەلی ئیلاهی) ناودێر دەکرێن.[49]

 

  • کراسگۆڕکێ (دۆنادۆن):

لەم ئایینەدا ڕۆحی مرۆڤ لە هەزار و یەک تەندا جێگیر دەبێت، ئەم گەڕانەش بە گوێرەی کردەوەکانی بە چوار جۆر ڕوو دەدات. نەسخ: لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ. مەسخ: بۆ گیانلەبەر. روسخ: بۆ ڕووەک. فەسخ: بۆ گیانلەبەری چزووداری وەک مار و دووپشک.[50]

 

  • نوێژ و ڕۆژوو:

کاکەییەکان پێیان وایە کاتێک سان سەهاک لە بەرزنجەوە بەرەو هەورامان کۆچی دەکرد، لەشکرێک بە سەرپەرشتیی براکانی شوێنی دەکەون و لە ئەشکەوتی (نەوێ)دا سێ ڕۆژ لەتەک هاوەڵانیدا بەرەنگاریان دەبنەوە. لەو ماوەیەدا سان سەهاک هیچ ناخوات، دوای سەرکەوتنیشی، گۆشتی کوڵاوی کەڵەشێر و برنج و شیرینیی خواردووە.

ڕۆژووگرتنی کاکەییەکان لە هەمان ئەو سێ ڕۆژەدایە کە سان سەهاک هیچی نەخواردووە، دوای ئەم رۆژووگرتنەشیان دەیکەنە جەژن و هەمان خواردن دەخۆن کە سان سەهاک دوای شەڕی ئەشکەوتی (نەوێ) خواردوویەتی، هەرچی نوێژە، کاکەییەکان دەڵێن ((ئێمە ئەهلی نیازین، نەک نمازی)).[51]

 

  • پەرتووکە پیرۆزەکانیان:

سەرەکیترین کتێبی پیرۆزی یارسانەکان (سەرەنجام)ە کە لە شەش بەش پێک دێت و بە هەورامی و هەورامیی جافی نووسراوە.

  • ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مافی کەمینەکان لە ساڵی (٢٠١١)دا، ژمارەی کاکەییەکان لە عێراقدا نزیکەی دووسه‌د هەزارە،[52] سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافییان، کاکەییەکان لەم شوێنانەدا نیشتەجێن: ١. گوندەکانی بەری ڕۆژئاوای داقوق و نێوەندی قەزاکە و شاری کەرکووک. ٢. لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە. ٣. هەولێر و موسڵ و بە دیاریکراوی ئەو کۆمەڵە گوندەی دەکەونە نزیک زێی گەورە. ٤. ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی و گوڵاڵە.[53]

 

 

(٥-٢)

کەمینەی بەهائی[54]

بەهائی (البهائية) یەکێکە لەو ئایینانەی کە بە بەباشی لەتەک پێدراوەکانی دونیای مۆدێردندا هەڵدەکات، ئەمەش بە لەهەناوگرتنی خواستی مرۆگەرایی (Humanism) و گەڵاڵەکردنی دیدگایەکی عەقڵانی و زانستی و گەردوونی (Universal) لە زۆرێک لە پرسە ئایینییەکاندا و ڕەتکردنەوەی گشت کەڵکەڵەیەکی ئەوپەڕگیری (Extreminism) و دەمارگیری.

  • باوەڕە سەرەکییەکانی ئەم ئایینە:
  • یەکتاپەرستی (التوحيد):

گەر چاوێک بە پەرتووکە پیرۆزەکانی ئەم ئایینەدا بخشێنین، گەلێک سیمای سۆفیگەریی ئیسلامی لە ئەندێشەسازیی بەهائیدا بۆ خوا بەدی دەکەین، وەلێ ئەم گەڕانەوە و باوەشکردنە بە سۆفیگەریی ئیسلامیدا لە ئاستێکی میانڕەوانەدایە و دواجار بەهائییەکان بڕوایان بە خوایەکی تاک و جاویدان و ئافرێنەر هەیە. هەر ئەم بوونە بان- سروشتییەشە کە دەبێتە سەرچاوەی گشت سرووش و دەرکەوتنەکان. لەم بارەیەوە بەهائوڵڵا دەڵێت ((سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی کە پەیامبەرانی بۆ ناردووین و پەرتووکەکانی بۆ دابەزاندووین لەسەر ئەوەی کە هیچ خوایەک جگە لە خۆی بوونی نییە...))[55] ئەم حەقیقەتەش بە داڕشتنی جیاواز لە زیاد لە شوێنێکدا پاتەوپات دەبێتەوە.[56]

 

  • خۆبەدەرخستن (التجلي):

هەر وەک چۆن فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوئیل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) دیوارێکی ئەپستمۆلۆگی بە دەوری زانینی شتەکان لە خۆیاندا (نۆمینا-Nominal) هەڵدەچنێت و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە توانستی زانینی ئێمە دیاردەکان (فینۆمینا-Phenomena) تێ ناپەڕێنێت، بە هەمان شێوە لە بەهائییشدا خودی خوا بە نۆمینا دەکرێت و پێیان وایە مەعریفەی مرۆڤ لەمەڕ خواوەند تەنها پەیپێبردنی خەسڵەتەکانیەتی و پەل ناهاوێژێت بۆ خودی یەزدان.

پرسیارێک کە لێرەدا ڕەوایە بکرێت، ئەوەیە کە چۆن پەی بە خەسڵەتەکانی خوا دەبەین؟ بە بڕوای بەهائوڵڵا، ڕاستە خودی خوا لە دەستڕاگەیشتنی مەعریفیی مرۆڤدا نییە، بەڵام بە هۆی ئەوەی خواوەند دروستکەرە، دەتوانین لە ڕێی دروستکراوەکانیەوە پەردە لەسەر خەسڵەتەکانی هەڵماڵین. ئێمە بە وردبوونەوە لە شتە هەرە سادەکانی وەک چڵەدارێک، دڵۆپەئاوێک و پریشکەئاگرێک زانیارییەکمان لەمەڕ گەورەیی و مەزنیی خوا لا گەڵاڵە دەبێت، مادام پەیابەران و ڕواڵەتە یەزدانییەکان (مظاهر الالهية) بەرزترین فۆرمی ئافرێنراون، کەواتە بێگەردترین ئاوێنەی خەسڵەتە یەزدانییەکانیشن.

بە کوردی و بە کورتی، ئەوەی ئێمە ناومان ناوە (خۆبەدەرخستنی یەزدانی)، پوختەکەی ئەوەیە کە خواوەند لە ڕێی هەبووەکانەوە بە بێگیان و گیاندارەوە بە ئاست و پلەی جیاوازەوە خۆی بەدەردەخات و گشتیان بەڵگە و هێما و نیشانەن لەسەر دانایی و توانا و دادی ئەو.[57]

 

  • یەکێتیی ئایینەکان (وحدة الأديان):

بەهائییەکان بڕوایان بەوە هەیە کە هەموو ئایینەکان لە بنچینە و جەوهەر و ئامانجدا یەک دەگرنەوە، ئەو وردە جیاوازییانەشی کە لە نێوانیاندایە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێداویستییەکانی سەردەمێکی دیاریکراو، واتە ڕاستییە ئایینییەکان ڕێژەیین و پێبەپێ لەتەک پەرەسەندنی توانستی مرۆڤ و داخوازییەکانی قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا ڕێ دەکه‌ن.[58]

سەرباری ئەمە، بەهائییەکان پردێکی دیکەی پەیوەندی لە نێوان ئایینەکاندا هەڵدەبەستن، ئەویش بە دداننان بە دورستیی ئایینە سەرەکییەکانی دیکەدا و کردنی هەریەکەیان بە بەشێک لە پلانێکی یەزدانی،[59] نەک هەر ئەوەندە، بگرە داوای ئەوەش دەکات کە جیاکاری نەکرێت لە نێوانیاندا.[60]

 

  • یەکێتیی ڕەگەزی مرۆیی (وحدة جنس البشري):

بەهائوڵڵا هەموو ڕەگەزە مرۆییەکان دەباتەوە سەر یەک ئەسڵ و بنچینە، بەمەش ئەم ئایینە بەرسڤی سەرجەم جۆرەکانی هەڵاواردن و دەمارگیری، بە تایبەت ڕەگەزی دەداتەوە. بەهائوڵڵا بەمەوە ناوەستێت و شێلگیرانە شانی دابووە بەر دروستکردنی زمان و کولتوورێکی جیهانی، هەر لەم سۆنگەیەشەوە فەرموویەتی ((شانازی نییە هەر کەسێک نیشتیمانی خۆی خۆش بوێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە هەموو جیهانی خۆش دەوێت)).[61]

 

  • ئەو دونیا:

بەهائی وەک زۆرێک لە ئایینەکانی دیکە لە جووتتەوەری جەستە و ڕۆح دەرناچێت، مردنی جەستەش لەم ئایینەدا دەسپێکی گەشتێکی ئەبەدییە، بۆیە مرۆڤ تا لە ژیاندا بێت، پێویستە لەسەری چاپووکانە شارایەک لە فەزیلەتە ڕۆحییەکان کەڵەکە بکات تا ببێتە توێشووی ئەم سەفەرەی.

هەرچی پەیوەندیدارە بە چییەتیی ئەو دونیا، بەهائییەکان لێرەشدا بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوشوناسییەک لەتەک فەلسەفەی کانتدا دەکەن، یان لانی کەم گوێمان لە دەمودوویەکی دیکەی کانتی دەبێت. ئەوان بڕوایان وایە ئێمە ناتوانین زانیارییەکی ئەوتۆ لەم بارەیەوە بە دەست بخەین، کاتێک مرۆڤ ئەم دونیا بەجێ دەهێڵێت، پێ دەنێتە دونیایەکی (دەرە-شوێنکات)ەوە، لەبەر ئەوە هەر وێناکردنێک لەم بارەیەوە دژوارە، هەر وەک لە دەقە پیرۆزەکانیاندا هاتووە ((نەلواویی تێگەیشتن لەو دونیا، وەک نەلواویی ئاولەمەیە لە پزدانی دایکیدا لەم دونیا)).[62]

 

  • گرنگترین سرووتەکانی ئەم ئایینە:
  • نوێژ:

بەهائییەکان بە (نێر و مێ)وە هەر کە گەیشتنە تەمەنی باڵقبوون، سەرپشکن لەوەی ڕۆژانە لە نێوان سێ نوێژی (گەورە، مامناوەند، بچووک)دا یەکێکیان هەڵبژێرن و ڕووەو گڵکۆی بەهائوڵڵا دای ببەستن. نوێژی یەکەم و سێیەم یەک جار و دووەم سێ جار لە بیستوچوار کاتکۆدا دادەبەسترێت، هەمووشیان دەستنوێژیان گەرەکە کە تەنها شوشتنی دەست و ڕوخسارە.[63]

 

  • ڕۆژوو:

شێوازی ڕۆژووگرتن لەم ئایینەدا نزیکە لەوەی کە لە ئیسلامدا هەیە. بەهائییەکان هەموو ساڵێک لە سەرەتاکانی مانگی ئازارەوە ڕۆژانە دەست دەکەن بە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە تاکو نەورۆز.[64] ئەو مانگەشی تێیدا بە ڕۆژوو دەبن، بە مانگی (العلاء) ناودێر دەکرێت کە وەک مانگەکانی دیکەیان لە نۆزدە ڕۆژ پێک دێت.[65]

 

  • زەکات:

یەکێکی دیکە لە فەریزەکانی ئەم ئایینە زەکاتە و ڕێژەکەشی لە لایەن بەهائوڵڵاوە بە لە سەدا نۆزدە دیاری کراوە.[66] هەڵبەت ئەمە کۆمەڵێک وردەکاریی لەتەکدا هاوپێچە کە لێرەدا دەرفەت نییە لەبارەیانەوە بدوێم.

 

  • حەج:

لە حەجی بەهائیدا ئافرەت دەرهاوێژراوە و تەنها ئەو پیاوە باڵقانە دەگرێتەوە کە توانستیان هەیە. ئەو شوێنانەشی کە پێویستە لانی کەم سەردانی یەکێکیان بکرێت، بریتین لە ماڵی پیرۆز (البيت المبارك)ی حەزرەتی باب لە شیراز و ماڵی مەزن (البيت الأعظم)ی حەزرەتی بەهائوڵڵا لە بەغدا.[67] وەلێ بە هۆی ئەوەی ڕژێمی ئێران ماڵی بابی شیرازی کاول کرد و ماڵی بەهائوڵڵاش لە بەغدا دوای ئەوەی گۆڕرا بۆ حوسەینییە، لە (١٩ی یولیوی ٢٠١٣)دا هەندێک کەسی نەناسراو خاپووریان کرد، لە ئێستادا بەهائییەکان هەندێک شوێنی دیکەیان دیاری کردووە وەک گڵکۆی بەهائوڵڵا و باغچەی بەهائییەکان لە حێفا و هتد.

 

  • پەرتووکە پیرۆزەکانیان:

لە دیارترین پەرتووکە پیرۆزەکانی ئەم ئایینە هەردوو پەرتووکی (الأقدس) و (الايقان)ە کە خودی بەهائوڵڵا نووسیونی، ئەمە جگە له‌ پەرتووکی پیرۆزی ئایینەکانی دیکە.[68]

 

  • ژمارە و دابەشبوونی جوگرافی:

ژمارەی شوێنکەوتوانی ئایینی بەهائی نزیکەی پێنج ملیۆن دەبێت و بە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئامارێکی وردمان لە بەردەستدا نییە، لەبەر ئەوەی بەهائییەکان لە ترسی کافراندنیان لە لایەن زۆرینەی ئیسلامییەوە شوناسی ئایینیی خۆیان دەشارنەوە، ئەمە جگە لەوەی کە ئەم ئایینە بە شێوەیەکی فەرمی بەپێی یاسای قەدەغەکردنی چالاکیی بەهائی، ژمارە (١٠٥)ی ساڵی (١٩٧٠) یاساغ کراوە. بەڵام ئەوەی کە نکۆڵیی لێ ناکرێت، ئەوەیە کە ژمارەیەکی بەرچاوی بەهائی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و بڵاوبوونەوەی پەتای سامناکی دەمارگیری و ئەوپەڕگیریی ئایینی، بەشێکی زۆری بەهائییەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق لە شوێنی خۆیان هەڵدێن و کۆچ دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان.

 

 

(٦-٢)

کەمینەکانی دیکە

 

بێجگە لەوانەی باسمان کردن و یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان- عێراق، ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠١٥) ددانی بە چەندین کەمینەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی دیکەدا ناوە کە لەبەر ئەو هۆکارانەی لە سەرەتای ئەم بەشەدا هێمامان بۆ کردن، بە پێویستمان نەزانی باسیان بکەین، ئەم کەمینانە بریتین لە:

١- کەمینەی شەبەک

٢- کەمینەی فەیلی

٣- کەمینەی زەردەشتی

٤- تورکمان

٥- کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن

سەبارەت بەو کەمینانەی کە ناویان لە یاساکەدا نەهاتووە، جیاوازی بکەین لە نێوان کەمینە ئایینی و ئایینزایی و کەمینە نەتەوەییەکاندا.

 

یەکەم: کەمینە ئایینی و ئایینزاییەکان:

یاساکە کەمینە ئایینی و ئایینزاییەکانی وەک نموونە (على سبيل المثال) دیاری کردوون،[69] بەمەش ددان بەو کەمینانەدا دەنێت کە لە واقیعدا هەن و لەبەر هۆکارگەلی سیاسی لە یاساکەدا ناویان نەهاتووە، بە داڕشتنێکی دیکە، هەر گرووپێکی مرۆیی هەڵگری توخمگەلی کەمینەی ئایینی بێت، بەگوێرەی یاساکە کەمینەی ئایینییە، ئەم کەمینانە بریتین لە:

١- جووەکان

٢- بەهائییەکان

 

دووەم: کەمینە نەتەوەییەکان: یاساکە ئەم جۆرەی بە حەسری (على سبيل الحصر) دیاری کردووە، بەڵام بوون یاخود نەبوونی کەمینە شتێک نییە لەسەر ویستی دەسەڵاتداران و یاسادانەران وەستابێت. کەمینە وەک حەقیقەتێکی بابەتی لە دەرەوەڕا بوونی هەیە، لەم سۆنگەیەوە ئێمە (عەرەب) بە کەمینەیەکی نەتەوەیی دادەنێین.

 

 

[1] لۆقا ٢: ١-٧

[2] مەتا ١٣: ٥٥

[3] مەرقۆس ٣: ٦

[4] لۆقا ٢٢ و دواتر.

[5] ئەم هەڵەتێگەیشتنە ڕیشەیەکی قورئانیی هەیە و خوێنەری هێژا دەتوانێت لە گەلێک شوێندا، بۆ نموونە، سورەتی (النساء)، ئایەتی (١٧١) بە ئاسانی ئەوە بەدی بکات کە قورئان ترینیتی بە فرەخوایی داناوە.

[6] دواوتاری موسا ٦: ٤.

[7] مەرقۆس ١٢: ٢٨-٣٠.

[8] ڕۆحی پیرۆز بە شێوەیەک لە شێوەکان لە هەموو باوەڕدارێکیشدا هەیە و کاری ڕێنمایی و فێرکردن و یارمەتیدانی باوەڕدارە، لە یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس (٣: ١٦)دا هاتووە ((ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خوان و ڕۆحی خواتان تێدا نیشتەجێیە؟))

[9] یۆحەنا ١:١

[10] بڕوانە: سورەتەکانی (الجن: ٣) و (الأنبياء: ١٧) و (النساء: ١٧١) و هتد.

[11] بڕوانە: سەرەتاکانی پەرتووکی پەیدابوون.

[12] نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ڕۆما ٥: ١٢

[13] R.C. Sproul، Foundations: An Overview of Systematic Theology، Lecture 20، Original Sin.

[14] نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ڕۆما ٣: ١١

[15] هەمان نامە ٦: ٢٣

[16] یۆحەنا ١: ٢٩

[17] مەتا ٣١-٤٥

[18] ممتاز لالاني، لازالوا مستهدفين (إضطهاد مستمر لأقليات العراق)، تقرير صادر عن المجموعة الدولية لحقوق الأقليات، ٢٠١٠، ص٥، تقرير متاح على الموقع الالكتروني:

http://www.minorityrights.org L.V (4.3.2015.(

[19] وزارة حقوق الإنسان العراقية، المركز الوطني لحقوق الإنسان، قسم الإحصاء، المؤشرات الإحصائية المتعلقة بقضايا حقوق الإنسان، ٢٠١٢، ص٨. متاح على العنوان الالكتروني:

http://www.humanrights.gov.iqL.V (17.10.2014).

[20] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: د. خليل جندي، الإيزيدية والإمتحان الصعب، ط١، دار ئاراس للطباعة والنشر، اربيل، ٢٠٠٨، ص٢٥ وما بعدها.

[21] ناوێکە لە ناوە پیرۆزەکانی خوا لەم ئایینەدا.

[22] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: عزالدين سليم باقسري، مەرگەهـ، من منشورات مركز لالش الثقافي و الاجتماعي- دهوك، سلسلة (١)، مطبعة خبات، ٢٠٠٣، ص ٢٣ وما بعدها.

[23] ارشد حمد محو، الإيزيديين في كتب الرحالة البريطانيين (من مطلع القرن التاسع عشر الى نهاية الحرب العالمية الاولى)، ط١، مطبعة خاني، دهوك، ٢٠١٢، ص١٠٧. هامش رقم (٤٩٨).

[24] صقر الشنطالى، الشيخ أدي بن مسافر بين سندان الحقيقة ومطرقة الكتاب، مجلة لالش، مجلة فصلية يصدرها مركز لالش، العدد (١٧)، دهوك، ٢٠٠٢، ص١٤.

[25] عزالدين سليم باقسري، مصدر سابق، ص٣٥.

[26] عزالدين سليم باقسري، مصدر سابق، ص١٨٣.

[27] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: عزالدين سليم باقسري، مصدر سابق، ص٦٢ وما بعدها.

[28] عزالدين سليم باقسري، مصدر سابق، ص ١٨١ وما بعدها.

[29] بۆ خوێندنەوەی هەردوو کتێبەکە بڕوانە: د. ماکسیمیلیان بیتنەر، هەردوو کتێبی پیرۆزی یەزیدیان (جلوە و مەسحەفی ڕەش)، کوردیکردنی، د. حەمید عەزیز، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٧.

[30] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: عزالدين سليم باقسري، مصدر سابق، ص٢١٩ وما بعدها. أو عزالدين سليم باقسري، الكتب و النصوص الدينية الايزيدية، مجلة لالش، عدد (١٢)، دهوك، ٢٠٠٠، ص ٦ وما بعدها.

[31] المؤشرات الإحصائية المتعلقة بقضايا حقوق الإنسان، مصدر سابق، ص٨.

[32] وشەی سابیئە (صابئة)، لە (صبا)ی ئارامییەوە هاتووە، بە واتای (نوقمبوون و لە ئاوهەڵکێشان)، هەرچی وشەی مەندائییە (المندائي)، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئارامی مەندائی (مندا) کە واتای (زانیاری و زانست) دەگەیەنێت و ئەگەر لە بەستێن نەیترازێنین، دەبێتە (زانا بە بوونی تاکە ئافرێنەرێکی سەرمەدی). محمد نمر المدني، الصابئة المندائيون (العقيدة والتأريخ/ منذ ظهور آدم (ع) حتى اليوم)، ط١، دار مؤسسة رسلان، دمشق، ٢٠٠٩، ص٨٠. كتاب متاح على الموقع الالكتروني:

http://mandaeannetwork.com L.V (23.9.2014.(

[33] رشيد الخيون، الأديان والمذاهب بالعراق، ط١، منشورات لسان الصدق، بدون مكان نشر، ٢٠٠٥، ص.١٩

[34] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: جواد الخوئي، الأقليات الدينية في العراق (تأريخها وعقائدها)، ص١٥. بحث منشور ومتاح على الموقع الالكتروني:

http://www.alkhoei.net L.V (24.1.2015).

[35] عزيز سباهي، أصول الصابئة (المندائيين) ومعتقداتهم الدينية، ط١، دار المدى للثقافة والنشر، دمشق، ١٩٩٦، ص٨١.

[36] سعد سلوم، الأقليات في العراق (الذاكرة، الهوية، التحديات)، ط١، مؤسسة مسارات للتنمية الثقافية والاعلامية، بغداد- بيروت،٢٠١٣،ص١٠٧

[37] دەقەکە لە کنزا ڕەبا بەم شێوەیەیە ((مع انفلاق الفجر تنهضون والى الصلاة تتوجهون، وثانية في الضهر تصلون و ثم صلاة الغروب فبالصلاة تـتطهر القلوب، وبها تغـفـر الذنوب...))

[38] لە كنزا ڕه‌بادا هاتووە ((صوموا الصوم الكبير، صوم القـلب والعـقـل والضمـيـر، لـتـصم عـيونكم، وأفواهكم، وأيديكم.. لا تغـمز و لا تـلمز، لا تـنظـروا إلى الشـر ولا تــفـعـلوه...))

[39] ينظر: جواد الخوئي، مصدر سابق، ص١٩-٢٠.

[40] المؤشرات الإحصائية المتعلقة بقضايا حقوق الإنسان، مصدر سابق، ص٨.

[41] یارسان لە ئەسڵدا (یاری سان)ە، دەربارەی وشەی (سان) چەند بۆچوونێک لە ئارادایە، هەندێک وای بۆ دەچن، کە لە وشەی (سلطان)ی عەرەبییەوە هاتووە، هەندێکی دیکەش دەیبەنەوە بۆ وشەی (شاه)ی فارسی و (شیخ)ی عەرەبی و (ساتراب)ی میدی بە واتای (حاکمی ناوچە، کوێخای ناوچە، کاربەدەستی ناوچە، فەرمانداری ناوچە)، ئەمانە و چەندان بۆچوونی دیکە لەمەڕ ئەم بابەتە بوونی هەیە.

بە هەمان شێوە دەربارەی ناوی (کاکەیی) کۆدەنگییەک نییە، دەگوترێت شێخ موسا و شێخ عیسای بەرزنجی کە کوڕی (بابە عەلی هەمەدان) و دووەمیان باوکی سوڵتان ئیسحاقە (سان سەهاک) لە کاتی دارەڕاکردنی مزگەوتی بەرزنجەدا یەکێک لە ڕایەڵەکانی کورت دەبێت و شێخ عیسا بە شێخ موسای گوتووە (کاکە بکێشە)، ئیتر دارەکە دەکشێت و درێژ دەبێت، لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا سان سەهاک دەبینێت باوکی بە ڕیشی سپییەوە بە دەست ئەو دارەوە گیری خواردووە، دەچێتە سەر دیوارەکە و بە برا گەورەکەی دەڵێت (کاکە بکێشە)، دواتریش بە یاوەرانی گوتراوە (کاکەیی)، واتە کاکەیی لە (کاکە)ی کوردییەوە هاتووە، هەندێکی دیکە دەیگێڕنەوە بۆ پتەویی پەیوەندی نێوان کاکەییەکان، بە شێوەیەک، کاکەیی هەموو ئەو کەسانە بە برای خۆی دەزانێت کە سەر بە ئایینەکەیەتی، ئاشکراشە کاکە لە زمانی شیرینی کوردیدا بە واتای (براگەورە) دێت، هەر لەم بەستێنەدا بۆچوونێکی لاواز هەیە کە کاکەییەکان دەداتە پاڵ بزاوتی (الأخية) و وای دەبینێت کە کاکەیی بەکوردیکردنێکی دەقاودەقی ئەم وشەیەیە. بڕوانە: ئەیوب ڕۆستەم، یارسان (لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی-دیینییە سەبارەت بە کاکەیی)، چاپی یەکەم، مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان، ٢٠٠٦، ل ٢٧ و دواتر.

[42] ئەیوب ڕۆستەم، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٨٨.

[43] عباس العزاوي، الكاكائية في التأريخ، ط١، شركة التجارة والطباعة المحدودة. بدون مكان نشر، ١٩٤٩، ص٧٢.

[44] محمد حسين محمد شواني، التنوع الإثني والديني في كركوك، ط١، مؤسسة موكريانى للبحوث والنشر، اربيل، ٢٠٠٦. ص١٧٥.

[45] كريم نجم خضر الشواني، الكاكائية، رسالة ماجستير تقدم بها الى مجلس كلية الشريعة، جامعة بغداد، بغداد، ١٩٨٩، ص٣٩.

[46] عباس العزاوي، مصدر سابق، ص٧ وما بعدها.

[47] رشيد الخيون، الأديان والمذاهب بالعراق، ط١، منشورات لسان الصدق، بدون مكان نشر، ٢٠٠٥، ص٤٢٤.

[48] عباس العزاوي، مصدر سابق، ص٥٦.

[49] ئەیوب ڕۆستەم، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.٨١

[50] هەمان سەرچاوە، ل٨٢.

[51] هەمان سەرچاوەی، ل٨٤.

[52] ممتاز لالاني، لازالوا مستهدفين (إضطهاد مستمر لأقليات العراق)، تقرير صادر عن المجموعة الدولية لحقوق الأقليات، ٢٠١٠، ص ٦.

[53] دلشاد حامد درويش، الحماية القانونية للأقليات الدينية في ظل تنامي التطرف الديني (دراسة في إطار القانون العراقي والمواثيق الدولية)، رسالة ماجستير، كلية القانون والسياسة، جامعة صلاح الدين- اربيل، ٢٠١٥، ص٢٨.

[54] دامەزرێنەری ئەم ئایینە (حسێن عەلی نوری) ناسراو بە (بەهائوڵڵا)یە، ساڵی (١٨١٧) لە تاران لەدایک بووە و (١٨٩٢) لە عەککا کۆچی دوایی کردووە. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: سلسلة تعرف على البهائية (المبادىء والمواقف والسياسة)، عرض وتقديم: مجموعة من الباحثين، ط١، الأهلية للنشر والتوزيع، عمان- بيروت، ٢٠١٠، ص٩-١٢. جواد الخوئي، مصدر سابق، ص١٠٠ وما بعدها.

[55] حضرة بهاءالله، لئالئ الحكمة، المجلد الأول، دار النشر البهائية في البرازيل، ١٩٨٦، ص ١١١.

[56] بڕوانە: حضرة بهاءالله، لئالئ الحكمة المجلد الثاني، دار النشر البهائية في البرازيل ١٩٩٠، ص٢٦٧. حضرة بهاءالله، مجموعة من الألواح المباركة (طبعة مصر)، ص٦١-٦١. حضرة بهاءالله، منتخبات من آثار حضرة بهاءالله، لانگنهاين - آلمان ١٤١ بديع، ص ١٢٦. ...الخ.

[57] التوحيد في الدين البهائي، متاح على الموقع الالكتروني:

http://www.arabic-bahai.org L.V (1.11.2014).

و أيضا: حقائق عن الدين البهائي، بهاء الله والحلول والألوهية، متاح على الموقع الالكتروني:

http://albahaiyah.global-et.com L.V (1.11.2014).

[58] من مبادئ الدين البهائي، متاح على الموقع الالكتروني:

http://www.bahai.comL.V (1.11.2014).

[59] وندى مؤمن وموجان مؤمن، فهم الدين البهائي، ترجمة: رمزي زين، ط١، الفرات للنشر والتوزيع، بيروت، ٢٠٠٩، ص٢٤٩.

[60] حضرة بهاءالله، منتخبات من آثار حضرة بهاءالله، المصدر السابق، ص ٤٦.

[61] د،ج، اسمنت، بەهائی کێیە-چییە؟ و: کەریم زەند، لە بڵاوکراوەکانی (دار النشر البهائية في البرازيل)، ل١٣.

[62] وندى مؤمن وموجان مؤمن، مصدر سابق، ص٣٣.

[63] العبادة في الدين البهائي، متاح على الموقع الالكتروني:

http://www.abnnews.net L.V (15-5-2017).

[64] الاقدس ١٦ و ١٧

[65] بەگوێرەی ڕۆژژمێری بەهائی، ساڵ (١٩) مانگە و مانگیش (١٩) ڕۆژ، نەورۆزیش وەک چۆن سەری ساڵی کوردییە، بە هەمان شێوە سەری ساڵی بەهائییە و لە گەورەترینی جەژنەکانیانە. بۆ زانیاریی زیاتر لەمەڕ جەژن و بۆنە ئایینییە بەهائییەکان و ئەوانەی دیکە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشین بۆ خوێندنەوەی: خضر دوملي، دليل الصحفيين للكتابة عن قضايا الأقليات (مقومات عملية-اسس مهنية)، مطبعة ماردين، اربيل، ٢٠١٦.

[66] الكتاب الأقدس ٩٧ و ١٤٦

[67] موقع الكتاب الأقدس، متاح على:

http://www.alaqdas.org L.V (1.1.2015).

[68] خوێنەری هێژا دەتوانێت سەرجەم کتێبە پیرۆزەکانی ئەم ئایینە لەم پێگە ئەلیکترۆنییەوە دابگرێت:

http://reference.bahai.org L.V (15-5-2017).

[69] ماددەی (١)ی یاساکە ((مەبەستی ئەم یاسایە لەم دەستەواژە و زاراوانەی خوارەوە ماناکانی بەرامبەریانە: ........ دووەم: پێکهاتەکان: کۆمەڵە نەتەوەییەکان (تورکمان، کلدانی سریانی ئاشوری و ئەرمەن) و کۆمەڵە ئایین و ئایینزاکان (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی و هی دیکە) کە هاووڵاتی کوردستانی عێراقن)).

 ئه‌م بابه‌ته‌ 206 جار بینراوه‌

په‌یوه‌ندی

ناو        
ئیمه‌یل*    
په‌یامه‌كه‌ت*
  



Copyright (c) tirozh.krd, All rights reserved.