گرنگترین میتۆدە كەلامییەكان
2018-02-15 11:02:30

گرنگترین میتۆدە كەلامییەكان

هاوژین مەلا ئەمین

 * میتۆدی فیقهی (نەقڵ و قیاسی فیقهی):

 بە شێوەیەكی گشتی میتۆدەكانی كەلام بەپێی هەڵوێستی گرووپە كەلامییەكان لە نەقڵ، دەستنیشان دەكرێن، سەرەتا پیرۆزیی دەقی قورئان و پەیتا پەیتا هاتنەخوارەوەی بەپێی پێویستی و پایەی پیرۆزی ئەم دەقە و كەسایەتیی كاریزمیی پێغەمبەر خۆی شاڕێگەی یەكەم میتۆدی بیركردنەوە لە مێژووی ئیسلامدا دادەنێن كە ئەم میتۆدە گوێڕاگرتنە لە دەقە پیرۆزەكان و جێبەجێكردن و باوەڕهێنانە پێیان بەو شێوەیەی كە لە ڕواڵەتدا و بەپێی ڕێوشوێن و یاسا و ڕێساكانی زمانی عەرەبی مانا دەبەخشێت. باوەڕهێنانی نەوەی یەكەم لە موسڵمانەكان بە پێغەمبەر و ژیانیان لە سایەی وەحی و دەقی پیرۆز و ئامۆژگارییەكانی پێغەمبەردا و كەمەندكێشبوونیان بە ئەو ژیان و دنیا تازەیەی كە پێی ئاشنا بووبوون، هەموو ئەمانە هۆكار بوون بۆ ئەوەی كە وەك خۆی و بەو شێوەیەی كە بەرگوێیان دەكەوت و سەلیقەی زمانەوانیی خۆیان یارمەتیی دەدان، پەیڕەوی لە ئایین بكەن و ئەگەر كێشەیەك، یاخود پرسێك و گومانێكیان بۆ دروست ببوایە، بە خێرایی دەگەڕانەوە بۆ لای پێغەمبەرەكەیان و ئەو خاوەنی دوا بڕیار و چارەسەر و تێگەشتن بوو لە ئایین و لە ڕاستیی ئایینی و ئامادەیی ئەو لەنێویاندا، چ وەك گرێدەری ئەوان بە ئاسمانەوە و چ وەك ڕاگەیەنەری ڕاستی، ڕێگر بوو لەوەی كە جیاوازیی ئەوتۆ لە تێگەشتنیاندا بۆ ئایین دروست ببێت. هەروەها ڕێگر بوو لەوەی كە بۆ خۆیان سەرقاڵی تێفكرین و بیركردنەوەی تیۆری ببن دەربارەی مەسەلەكانی ئیمان و تەنانەت دەربارەی زۆر لە مەسەلە و پرسە كۆمەڵایەتی و شەرعییەكانیشیان.

 گومان لەوەدا نییە كە قورئان زۆر دەقی پیرۆزی تێدایە كە یارمەتیدەرە بۆ بیركردنەوە و تێڕامانی عەقڵ و مرۆڤ پاڵ پێوە دەنێت بۆ ئەوەی بیربكاتەوە، هەروەها پێغەمبەر دەشێت هەندێك جار یارمەتیدەر بووبێت بۆ ئەوەی كە موسڵمانەكان و هاوەڵەكانی بخاتە سەر ڕێگەی بیركردنەوە و هەوڵدان و هەندێ جار گەر كارێكیان بكردایە بە تێگەیشتن و ڕای خۆیان و شایانی پەسەندكردن بوایە ئەو پەسەندی دەكرد، تەنانەت لە فەرموودەیەكیدا، بە ڕاشكاوی هەوڵ و بیركردنەوەی تاكەكەسی، بۆ چارەسەركردنی كیشە عەمەلی و شەرعییەكان دەنرخێنێت و لەگەڵ جیاوازییاندا پەسەندیان دەكات[1].

 بەڵام لە پەیوەندیدا بە كێشەو پرسە كەلامییەكانەوە، پێغەمبەر، تەنانەت قورئانیش لە هەندێك لە ئایەتەكاندا، ئەوە دووپات دەكەنەوە كە باوەڕهێنان و گوێڕایەڵی و بێدەنگی كاری ئیماندارانە و تەنها كەسانێك كە دڵیان كرمێ بووە، زۆر سەر لە شت دەكەنەوە و دەیانەوێت مانای ڕاستەقینەی ئەو دەقانە بدۆزنەوە كە ماناكانیان موحكەم و ڕوون و ئاشكرا نییە[2]. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەر لە سەرەتاوە، هەڵوێستێكی سلبی بەرامبەر بە زانستی كەلام و قسەكردن لە پرسەكانی بیروباوەڕدا دروست ببێت و زۆر لە هاوەڵانی پێغەمبەر و نەوەی دوای ئەوانیش لەم كێشە و پرسانەدا بێدەنگی هەڵبژێرن، بەڵام دواجار بە هۆی خراپتێگەیشتنی هەندێك لە موسڵمانان خۆیان و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ خاوەن ئایین و بیروڕا كەلامییەكانی دیكە و بە هۆی مەرگی پێغەمبەرەوە، ئەوان ناچار دەبن كە بكەونە ڕاڤەكردنی دەقە ئایینییەكان و دەربڕینی ڕا و تێگەشتنی خۆیان و كێشەیان بۆ دروست دەبێت لە دەستنیشانكردنی ئەو ئایەتانەدا كە ماناكانیان ڕوون نییە و ئەوانەی كە ماناكانیان ڕوونە و هەروەها لە چۆنیەتیی كارپێكردن و تێگەشتنیدا و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە چالاكیی عەقڵی بۆ تێگەشتن لە دەقی پیرۆز و پەیڕەوكردنی پەرە بسەنێت و لەگەڵ سەرهەڵدانی قوتابخانە فیقهییەكاندا میتۆدێك بۆ لێكۆڵینەوە و تێگەشتن لە دەقەكان و پرسە ئایینییەكان بەگشتی دروست ببێت، كە ئەم میتۆدە میتۆدێكی فیقهییە و زەمینەی ڕەسەنی كارپێكردنی بواری فیقە و شەریعەیە نەك بیروباوەڕ.

 دوای ئەوەی كە ئیمامی شافیعی كتێبی (الام) و (الرسالە) دەنووسێت، ئیدی ئەم میتۆدە وەك میتۆدێك بۆ بیركردنەوە لە كێشە و پرسە شەرعییەكان، مەشخەڵ و پایە بنەڕەتییەكانی دادەمەزرێت و لایەنگرانی لە بیركردنەوەیاندا لە كێشە و پرسە شەرعییەكان و دواجاریش لە كێشە كەلامییەكاندا پەیرەویی لێ دەكەن و بە هەمان میتۆد لەو بوارەشدا بیردەكەنەوە.

 پایە بنەڕەتییەكانی ئەم میتۆدە بریتییە لە: پەیڕەویكردن لە قورئان و لە سوننەتی پێغەمبەر، بەو پێیەی كە دەقەكان خۆیان مانا دەبەخشن و بەپێی ڕێساكانی زمانی عەرەبیی شایانی تێگەیشتنن. پاشان ئەم تێگەیشتنە دەبێت پابەند بێت بە كۆڕای موسڵمانانەوە (الاجماع) و تێگەیشتنێكی نامۆ و غەوارە بە سەردەمی یەكەمی ئیسلام و كۆدەنگیی موسڵمانان نەبێت. لەو پرس و مەسەلانەدا كە نوێن و دێنە پێشەوە و دەقێك بەدی ناكرێت لەبارەیانەوە، ئێمە دەبێت ئەم پرسە نوێیە ببەینەوە سەر پرسێكی كۆن كە هاوشێوەی ئەوە، یان لێكچوون لەنێوانیاندا هەیە و لەبارەی ئەو پرسەوە دەقێك هەیە، بۆ ئەوەی كە دواجار ئەم پرسە نوێیە هاوشێوەی ئەو سەیر بكەین و هەمان بڕیاری كۆن لەبارەیەوە بدەین، كە ئەم كردەیەش پێی دەوترێت قیاس و ئەو كەسەی كە لێكۆڵینەوە لە مەسەلە شەرعییەكان دەكات دەبێت پەیڕەویی لێ بكات، قیاس بە كورتی و بە سادەی بریتیە لە چوواندنی شتێك، یان پرس و بابەتێكی نوێ بە بابەتێكی كۆن و پاشان وەك ئەو لێكردنی لەڕووی بڕیاری شەرعییەوە[3].

 ئەم میتۆدە زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ناكۆكی لە دەقی پیرۆزدا نییە و دەبێت گونجاندن لەنێوان دەقە بەڕواڵەت ناكۆكەكاندا دروست بكرێت. لە لایەكی دیكەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە تەنها دەقی پیرۆز سەرچاوەی ڕاستی و بەرپرسیارییە و مرۆڤ بە عەقڵی خۆی ناتوانێت حەڵاڵ و حەرام و ڕاست و هەڵە لە یەكدی جیابكاتەوە و بەر لە هاتنی شەرع هیچ بەرپرسیارییەك لەسەر شانی مرۆڤ نییە، هەر بۆیە لە دەرەوەی دەسەڵات و سنووری دەقی پیرۆز، هەموو شتەكان وەك یەكن و ڕاست و هەڵە و چاك و خراپ تەنها شەرع (دەقی پیرۆز) دەستنیشانی دەكات. واتە: تاكە ڕێگەی سەلماندن تەنها دەقی پیرۆزە و لەم سنوورە بترازێت ئەوەی مرۆڤ ناوی دەنێت عەقڵ، زیاتر حەز و ئارەزوو و بەرژەوەندی و خواستی خۆیەتی و ئەمانەش نابێت تێكەڵاوی ئایین بكرێن، یان چاك و خراپیان پێ دیاری بكرێت. با بزانین ئەم میتۆدە لە كەلامدا چۆن سوودی لێ وەردەگیرێت؟

 بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە باشترین نموونە پەیڕەوانی ئەم ڕێبازەیە كە زاهیری و حەشەوی و سەلەفییەكانن، پەیڕەوانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل و ئیبن تەیمییە و موحەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب.

 بۆ نموونە ئیبن حەزمی زاهیری، ڕای وایە كە خودا تەن، یاخود جەستە (جسم) نییە، هەروەها ڕای وایە كە خودا سیفەتی نییە، بەڵكو ناوی هەیە، بۆ؟ لەبەر ئەوەی كە ئەم وشانە دەربارەی خوا لە قورئاندا نەهاتوون، هەر بۆیە ئێمەش نابێت دەربارەی ئەو بەكاری بهێنین و شتێك بدەینە پاڵی كە لە دەقی پیرۆزدا نەهاتبێت[4].

 بە پێچەوانەوە، خودا، بە ڕای ئیبن تەیمییە، چاوی هەیە، دەستی هەیە، قاچی هەیە، خۆشەویستی و تووڕەبوونی هەیە، دابەزین و سەركەوتنی هەیە، پەنجەی هەیە، قسە دەكات، لەبەر ئەوەی كە هەموو ئەمانە دەربارەی ئەو لە دەقی پیرۆزدا هاتوون، بەڵام چاو و دەست و پەنجە و خۆشەویستی و تووڕەبوونی ئەو، دابەزین و سەركەوتنی ئەو، لە هی ئێمە ناچێت و هاوشێوەی ئێمە نییە، لەبەر ئەوەی كە لە دەقی پیرۆزدا هاتووە كە خوا لە وێنەی نییە. خودا بە چاوی سەر دەبینرێت، لەبەر ئەوەی كە ئەمە لە دەقی پیرۆزدا هاتووە، خودا قسە دەكات، دیسان لەبەر ئەوەی كە ئەمە لە قورئاندا هاتووە. مرۆڤ بەبێ ڕەزامەندیی خودا، هیچ شتێك ناتوانێت بكات و هەموو ئەوەی كە دەیكات لەسەری نووسراوە و بە ئیرادەی خوایە و تەنها خودا كارایی و كاریگەریی هەیە لە بووندا و هەموو شتێك بە بڕیار و بە زانیاری و بە ویستی پێشوەختی ئەوە و هەرچییەك ئەو بیەوێت دەبێت و هەرچییەك ئەو نەیەوێت نابێت و هەركەس و هەرچییەكی بوێت دەیكات و هەموو كارێكی ئەو باشە، خودا لەسەرووی هەموو یاسا و ڕێسایەكەوەیە و خۆی دانەری یاسا و ڕێساكانە. لەبەر ئەوەی كە ئەمە وێنەی خودایە لە دەقی پیرۆزدا. خودا هەركەسێك بیەوێت ئازاری دەدات، هەركەسێك بیەوێت دەیخاتە بەهەشت و خۆشی، هەركەسێك بیەوێت گومڕای دەكات و هەركەسێك بیەوێت هیدایەتی دەدات، كەس بۆی نییە لە بڕیاری ئەو سەرپێچی بكات، یان ڕەخنە بگرێت. دیسان لەبەر ئەوەی كە خودا بەم شێوەیە باسی خۆی دەكات[5].

 واتە: بەپێی ئەم میتۆدە، قسەكانی خودا و پێغەمبەر دەرباری دوو بابەتە: چۆنە، دەبێت چۆن بێت، ئەم دوانە تەواوكەری یەكدین و ناكۆكی لەنێوانیاندا نییە و چۆن ئەگەر خودا فەرمووی گۆشتی بەراز قەدەغەیە، ئیدی قەدەغەیە و نابێت بخورێ، بە هەمان شێوە ئەگەر فەرمووی ئاسمان حەوت قاتە، یان دۆزەخ ئاوایە، یان خودا دەستی هەیە، هەموو زیندەوەرێك لە ئاو دروست  كراوە، یان هەر ئەمرێكی دیكەی فەرموو، دەربارەی بوون و جیهان، ئەویش بە هەمان شێوە، بەبێ سەرپێچی دەبێت پەسەند بكرێت. تەنها ئەو شتانە جوان و چاك و ڕاستن كە لە دەقی پیرۆزدا هاتوون، بە هەمان شێوە پێچەوانەكەشی ڕاستە.

 بێگومان ئەم میتۆدە بە تایبەت لە مەسەلە كەلامییەكاندا زۆر جار بە بنبەست و بێدەنگی دەگات، هەر بۆیە زۆر لە پرسیار و گومان و بیركردنەوە نامۆ و نوێكان و وردكردنەوەی زۆر، بیدعەیە و دەبێت ئێمە خۆمانی لێ بپارێزین. پرسیارێك لە سەردەمی یەكەمی ئیسلامدا نەكرابێت و لە دەقی پیرۆزدا وەڵامێك و باسێك لەبارەیەوە نەبێت، ئێمەش نابێت بیورووژێنین، چونكە مایەی گومڕایی و بێباوەڕییە و حەرامە.

 ئەمە فۆرمی بنەڕەتیی ئەم میتۆدەیە، بەڵام هەر بەو هۆیەوە كە زۆر جار، بەتایبەت لە مەسەلە كەلامییەكاندا بە بنبەست دەگات، بە ناچاری پەنابردنە بەر گونجاندن و سەلماندنی عەقڵی، خۆی سەپاندووە و وەك گۆشتی بەراز و برسییەتیی كوشندە پەنای بۆ براوە و ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی میتۆدێكی میانگیر لەنێوان عەقڵ و نەقڵ، لەنێوان ڕواڵەتی دەق و تەئویلكردنیدا و ئەشعەری و ماتوریدییەكان بەگشتی پەیڕەویی ئەم میتۆدە میانگیرەیان كردووە.

 پەیڕەوانی ئەم میتۆدە میانگیرە، هەوڵیان داوە سەرەتا، پێویستیی تێڕامان و تێفكرین و بیركردنەوە و تەئویل، بە دەقی پیرۆز خۆی بسەلمێنن و لێرەوە ڕێخۆشكاری بكەن بۆ پەنابردنە بەر عەقڵ و تەئویل بەپێی پێویست.

 سەرەتا پێویستیی تەئویل لەم ڕێبازە میانگیرەدا تەنها بۆ گونجاندنی دەقەكانە لەگەڵ یەكدی، نەك لەگەڵ عەقڵ، واتە ئێمە دوو دەقمان هەیە دەربارەی هەمان پرس و كێشە و بابەت، بەڵام بە دوو شێوەی جیاواز و دژبەیەك، بۆ نموونە وەك ئەو دەقانەی دەربارەی ئازادیی مرۆڤ و قەدەر و  ئیرادەی خودا، كە لە قورئاندا هاتووە، ئەم دەقانە خۆیان پێویستیان بە گونجاندن هەیە و دەبێت بە شێوەیەك مانا بكرێن كە لەگەڵ یەكدی بگونجێن.

 دواجار كۆمەڵێك زەروورەت و گوتەزای لۆژیكی و عەقڵیی خۆیان دەسەپێنن و قۆناغی تەئویلكردنی دەق لەبەر نەگونجانی لەگەڵ گوتەزا عەقڵییەكان دەست پێدەكات و لەڕاستیدا ئەم قۆناغە پێشكەوتووترین قۆناغی ئەم میتۆدە میانگیرەیە و دەرگای تەئویل زۆر زیاتر لەوەی پێشوو واڵا دەكات و ئەم میتۆدە میانگیرە كە میتۆدی ئەشعەری و ماتوریدییەكانە، كاریگەریی موعتەزیلەی لەسەرە و لە هەناوی ئەوانەوە دێتە دەرەوە و دوای كاریگەربوون بە فەلسەفەی یۆنانی و لە لایەن نەوەی دووەم و سێیەمی ئەشعەری و ماتوریدییەكانیشەوە وەك غەزالی و جوێنی و نەسەفی و تەفتازانی زۆر سوودی لێ وەرگیراوە و پەیڕەو كراوە.

 هەر لە پەیڕەویكردن لەم میتۆدەدایە كە بیرۆكەی قیاسی فیقهی و سوودلێوەرگرتنی لە مەسەلە كەلامییەكاندا پەرە دەسەنێت، ئەم پەرەسەندنە لە شێوەی چوواندنی خودا و مەسەلە غەیبییەكان و بارودۆخی ئەو دنیادایە بە ئەم دنیا و بە بوون[6].

 پەرەسەندن و تەشەنەكردنی قیاسی فیقهی بۆ نێو بواری كەلام، بە بڕوای ئێمە دوو هەڵوێستی تەواو دژیەكی لێ دەكەوێتەوە، كە هەردووكیان یەك ڕیشەیان هەیە كە ئەویش لێكچوواندنە. ئەو دوو هەڵوێستە بریتین لە (تشبیه) و (تنزیه، یان تعطیل)، كە لە هەردووكیاندا لێكچوواندن هەیە، لە ئەوەی یەكەمدا خودا دەچوێنرێت بە بوونە بەرجەستەكان و لەوەی دووەمیاندا خودا دەچوێنرێت بە بوونە عەقڵی و پەتییەكان.

 بۆ نموونە، سەبارەت بە خودا و بوون، بوون دەبێت بە دوو بەشەوە، جوهەر و عەرەز، یان دەركەوتە، یاخود سیفەت، بوونێك هەیە و كۆمەڵێك خەسڵەتی هەیە، لە عەقڵ و لە دنیای ئێمەدا ئەمە بەم شێوەیەیە، لێرەوە و بەر مەبنای لێكچوواندنی ئەوێ (لای خودا) بە ئێرە، هەندێ لە كەلامزانەكان دەگەنە ئەو بڕوایەی كە ناوەكانی خودا بە سیفەتی ئەو بزانن و دەگەنە ئەو بڕوایەی كە خودا جەوهەرە و جسمە. هەروەها بیرۆكەی كەلامی نەفسی، لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. موشەبیهەكان هەر بەم ڕێگەیەدا، دەڕۆن و دەگەنە ئەو بڕوایەی كە خودا لە شێوەی مرۆڤە و دەست و چاوی ئەو، پەنجە و قاچی ئەو، وەك پەنجە و دەست و قاچی مرۆڤە. ئەو فەرموودەیەش دەكەنە بەڵگە كە خودا مرۆڤی لە شێوەی خۆی دروست كردووە. سەبارەت بە ئەو ئایەتەش كە دەڵێت خودا كەس لە شێوەی نییە، ئەوان دەڵێن ڕاستە، لەڕاستیشدا مرۆڤەكان لە شێوەی یەكن، بەڵام كەسیش لە كەس ناچێت.

 بە ئاڕاستەیەكی پێچەوانەی ئەمەدا، خودا لەبری ئەوەی بشوبهێنرێت بە بوونە مادییەكان، بە بوونە هزرەكی و ئیدیاڵەكان، بە عەقڵ دەشوبهێنرێت و لێرەوە، وەك عەقڵی پەتی و نا بەرجەستە وێنا  دەكرێت و هەموو ئەو ئایەت و دەقە پیرۆزانەش وا مانا دەكرێن كە لەگەڵ ئەم وێنا عەقڵییەدا بگونجێت.

 

 * میتۆدی عەقڵی:

 ئەم میتۆدە لە لێكۆڵینەوەی كەلامیدا كە میتۆدی موعتەزیلەكانە و هەر لەبەر ئەم هۆیەشە كە ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم زانستەن، لەبری ئەوەی كە بە دەقی پیرۆز دەست پێبكات -ئەگەرچی دواجار سوود لە دەقی پیرۆزیش وەردەگرێت- بەڵام بە عەقڵ دەست پێدەكات، بە ڕیشەداركردن و چەسپاندنی ئەو پێشەكییە دەست پێدەكات كە عەقڵ لەپێش نەقڵ و دەقی پیرۆزەوەیە و ئێمە بەرلەوەی كە پێغەمبەرانیش ڕەوانە بكرێن و دەقە پیرۆزەكانیش لە ئارادا بن، بەرپرسیارییەتیی خۆمان هەیە، چ لە بەرامبەر ڕاستیدا و چ لە بەرامبەر چاكە و خراپەدا، لەبەر ئەوەی كە عەقڵی مرۆڤ توانای زانین و ناسینی ڕاست و هەڵە و لێكجیاكردنەوەی چاك و خراپی هەیە و بگرە ئێمە دواجار هەر بە عەقڵ و لە ڕێگەی عەقڵیشەوە دەتوانین لە دروستیی بیروباوەڕی ئایین و شەریعەت تێبگەین و دەبێت عەقڵ مەحەكی باوەڕ و بڕیارمان بێت و نەقڵ لەڕاستیدا ڕێنمایی كار و پشتیوان و یارمەتیدەری عەقڵە و بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستی عەقڵییە. ئێمە سەرەتا دەبێت بە هۆی عەقڵەوە بزانین كە خودا هەیە، یان نا. بە هۆی عەقڵەوە بزانین كە ئایا ئەو شتانەی شەرع ڕێنمایی ئێمە دەكات بۆ پەیڕەوكردنیان، چاكن، یان خراپ. لێرەوە بەپێی ئەم میتۆدە، یاسا و ڕێساكانی چاك و خراپ، ڕاست و هەڵە، جوان و ناشیرین، كە هەموویان یاسا و ڕێسای عەقڵین، گەردونیی و بابەتین و بەسەر هەموو حەقیقەتێكدا دەچەسپێن و هەموو بوونێك سنووردار دەكەن. بە بڕوای موعتەزیلەكان، پەیمانشكاندن، درۆكردن، ستەم، نە بۆ مرۆڤ و نە بۆ خودا -بێگومان بۆ ئەو زیاتر- شیاو نییە و هیچ پاساوێكی نییە، هەر بۆیە گەر بڕوامان وا بێت كە خوا لەسەرووی ڕاستییەكانی عەقڵ و یاسا و ڕێسا عەقڵییەكانەوەیە و دەشێت ستەم بكات، یاخود دەشێت كاری نابەجێ بكات، یان شتێكی باش قەدەغە بكات و شتێكی نەشیاو بسەپێنێت‌ و... هتد، ئەم بیروباوەڕە گومانی خراپبردنە بە خودا و جەسارەتكردنە بەرامبەر بە ئەو، بگرە ئەو خۆی ستەمی قەدەغە كردووە، لە خۆی و لە خەڵكیش. مرۆڤ لەبەر ئەوەی كە لایەنی چاك و خراپیشی تێدایە، دەشێت دادپەروەر، یان ستەمكاریش بێت، بەڵام ئەمە بۆ خودا شیاو نییە لەبەر ئەوەی كە خودا چاكە و ڕاستییەكی ڕەها و پەتییە.

 خودا قسە ناكات، بەڵكو بوونی دیكە دەهێنێتە قسە، یان قسەكان خەلق دەكات، چونكە قسە، بە ئەو پیت و ڕستانە دەگوترێت كە لە گەرووەوە دێت و خوداش نە زمانی هەیە و نە گەروو، چونكە ئەگەر ئەمانەی هەبێت ئەو كاتە پێكهاتەیەكە و دەشێت لەناو بچێت، یان خوڵقێنەرێكی هەبێت. بێگومان موعتەزیلەكان لە هەموو بیروبۆچوونەكانیاندا وەك یەك نین و لە وردەكارییەكاندا جیاوازیی بیروڕا هەیە لەنێوانیاندا، هەروەها لە ڕووی چەندایەتییەوە كاركردن و پشتبەستنیان بەم میتۆدە، لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام هەموویان لەسەر كاركردن بە ئەم میتۆدە و پێنج بنەماكەی ئەم قوتابخانەیە كۆكن. لەڕاستیدا موعتەزیلی كەسێكە لە ڕووی میتۆدییەوە باوەڕی بە لە پێشیی عەقڵ و باوەڕی بە بنەمای (الحسن والقبح العقلیین) هەبێت. ئەو بنەما بنەڕەتییەی كە تەئویلی دەقی ئایینییە، هەموو قوتابخانە و گرووپە ئایینییەكان كاریان پێ كردووە، بەڵام بە ڕێژە و بە شێوە و لەسەر بنەمای جیاجیا، موعتەزیلە دەقەكانی قورئان و حەدیس، دەقی پیرۆز دەكەن بە دوو بەشەوە. یەكەم، ئەو دەقانەی كە هیچ گومانێك لە دروستییاندا نییە، وەك ئایەتەكانی قورئان. دووەم، ئەو دەقانەی كە گومان لە دروستییاندا هەیە. ئەم دەقانە لە بواری بیروباوەڕدا كاریان پێ ناكرێت. چونكە نابێت بیروباوەڕ لەسەر گومان دابمەزرێت، بۆیە فەرموودەیەک كە تەواو دڵنیا نین لەوەی كە دروستە، لە مەسەلە كەلامییەكاندا پشتی پێ نابەسرێت -چونكە هیچ فەرموودەیەكی متەواتەری ئەوتۆ نییە كە بۆ سەلماندنی پرسێكی كەلامی بشێت- دەمێنێتەوە سەر ئەو دەقانەی كە هیچ گومان لە دروستییاندا نییە، كە دەقەكانی قورئانن، ئەم دەقانە ئەوانەیان كە لەگەڵ بنەماكانی عەقڵی دروستدا دەگونجێت، واتە مانا دیارەكانیان عەقڵ پەسەندی دەكات، ئەم دەقانە موحكەمن و تەئویلیان ناوێت، ئەو دەقانەی دیكەی كە ناكۆكییان لەگەڵ بنەما و بەڵگە عەقڵییەكاندا هەیە، پێویستە مانا ڕاستەقینەكەیان لە ڕێگەی تەئویلەوە بدۆزرێتەوە، ئەو دەقانە مەجازین و گومان لەوەدا نییە كە مانا ڕاستەقینەكانیان لەگەڵ بنەماكان و بەڵگە عەقڵییەكاندا كۆك و گونجاوە.

 بێگومان گرنگترین ئەو بنەما سەرەكییانەی عەقڵ كە موعتەزیلەكان لە بورای كەلامیدا دایان ڕشتووە، هەمان ئەو پێنج پرنسیپە بنەڕەتییەی قوتابخانەكەی خۆیانە بەو شێوەیەی كە ئەوان لێی تێگەیشتوون و لە ڕووی عەقڵییەوە لێكیان داوەتەوە، بۆ نموونە تاقانەیی و یەكتایی خوای گەورە، خودا تاك و تەنهایە و هیچ شەریكی نییە، هاوشێوە و هاوتای نییە، هەر بۆیە و بەپێی ئەم بنەمایە نابێت سیفەتەكانی شتێكی زیاتر بن لە خۆی، هەر بۆیەشە بە ناو هاتووە نەك سیفەت؛ ڕەحمان و خودا، هەر یەكن، هەموو ئەمانە ئاماژەن بە تەنها زاتی خودا خۆی نەك خودا و شتێك، یان مانایەكی دی.

 قورئان مەخلووقە، لەبەر ئەوەی كە ئەگەر قەدیم بێت، ئەمە واتە دوو بوونی قەدیم هەیە، ئەمەش لەگەڵ تاقانەیی خودا ناگونجێت. خودا ستەم ناكات، پەیمانەكانی خۆی ناشكێنێت، خراپە لەگەڵ كەسی چاك ناكات و كەس گومڕا ناكات، هەر بۆیە مرۆڤ خۆی خوڵقێنەری كردەوەكانی خۆیەتی و بەرپرسیارە لێیان و پاداشت و تۆڵەیان وەردەگرێت، خودا ناتوانێت و نابێت كەسی باوەڕدار و چاكەكار بخاتە دۆزەخەوە، چونكە گەر وای كرد دادپەروەر نییە و خودا نییە!!!

 بەم شێوە زۆر جەسوورانە، موعتەزیلە بنەما و پرنسیپەكانی عەقڵ كە هەندێكیان ئەخلاقیشن، بە باڵا و بە ڕەها دەزانن و باوەڕیان وایە كە هەموو بوون بەپێی ئەو بنەمایانە دەڕوات و دەبێت بڕوات و نە خودا و نە مرۆڤ قوتار نابن لێی، هەر لێرەشەوە ئەوان باوەڕیان وایە كە عەقڵ توانای زانین و گەشتن بە حەقیقەتی ئەنتۆلۆژی و حەقیقەتی ئەخلاقیشی هەیە و هۆكاری یەكەم و بنەڕەتیی بەرپرسیارییەتیی ئایینییە چ لە ئەم دنیایە و چ لە دواڕۆژیشدا[7].

 

 * میتۆدی ئیزۆتریكی:

 دیارترین پرنسیپی ئەم میتۆدە كە میتۆدی سۆفی و باتنییەكانە، گواستنەوەی چەمكی تەئویلە بۆ ئاستێكی قووڵتر، كە دەتوانین بە ئاستی ڕەمزی، یان تەئویلی ڕەمزی ناوزەدی بكەین، بە بڕوای سۆفییەكان، هەموو دەقەكانی قورئان و دەقە پیرۆزەكان، دەر و ناویان هەیە، مانایەكی دەرەكی و مانایەكی ناوەكی و ئیزۆتریكییان هەیە، كە ئەو مانا ناوەكییانە شهودی عەقڵی و بەهرەمەندبوونە لە فۆرمێكی تایبەت لە ئیلهام و وەحی كە شایستەبوون بەمەش لە ڕێگەی ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و وەرزشی ڕۆحییەوە دەبێت. سۆفییەكان تا سنووری توانەوە و یەكگرتن لەگەڵ خودا دەڕۆن و بەرەو باڵاچوونی سۆفییانە سنوور ناناسێت، جیاوازیی سۆفی و پێغەمبەر تەنها لەوەدایە كە ئەو لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئیلاهییەوە كە سیڕی خۆی هەیە و ئەم بە هۆی وەرزشی ڕۆحییەوە میعراج دەكەن و بە دیداری حەقیقەت شاد دەبن، بەڵكو دەشێت ڕۆحی سۆفی بە پلەی بەرزتر و نهێنیتر بگات، بەڵام سۆفی ئەوەی لەسەر شان نییە كە وەك پێغەمبەر پەیامێكی ئایینی ڕابگەیەنێت. ئەو زۆر جار بە زوبانێك باس لە حەقیقەت دەكات كە بۆ زۆرینەی خەڵك مایەی تێگەیشتن نییە، ئەو حەقیقەتانەی سۆفی دەركیان دەكات، ڕاستەوخۆ و ئەنجامی بوونی ڕاستەقینەی ئەوە لەوێ، ئەنجامی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و خۆنیشاندانی حەقیقەتە بۆی، واتە: مەعریفەی سۆفی مەعریفەیەكی ڕاستەوخۆیە نەك دەسەدوو، مەعریفەیەك نییە بە هۆی كەسێكەوە، بەڵكو دیدارە لەگەڵ حەقیقەت خۆی.

 ئەگەر لە میتۆدی یەكەمدا، جەخت لەسەر گوێگرتن، بۆ ئاشنابوون بە حقیقەتە ئیلاهییەكان و لە كاتی تێنەگەشتندا، بێدەنگبوون و لە میتۆدی دووەمدا جەخت لەسەر تێگەشتنی عەقڵییە، لەم میتۆدەدا جەخت دەكرێتەوە سەر بینین، بەڵام بە چاوی دڵ، بینینی ڕاستەقینە لە ڕێگەی گەشتنەوە بە ئەو دنیایە و یەكگرتنەوە لەگەڵی و ئەزموونكردنی. ئیبن عەرەبی جەخت دەكاتەوە سەر هێزی داهێنەر و خوڵقێنەری خەیاڵ لەم پرۆسەیەدا و دەتوانین فاكوڵتی خەیاڵ لەبری فاكوڵتی عەقڵ لە ئەم ڕێبازەدا جێگیر بكەین.

 قسەوباسی سۆفییانە زۆر نزیكە لە شوبهاندن و بەرجەستەكردنەوە، لەبەر ئەوەی كە ئامڕازی گرنگیی ئەو، ڕێگەی مەعریفیی ئەو بینینە، نەك بیركردنەوە و لێكدانەوە و تێگەیشتن بە تەنها.

 بە كورتی عارفی ئیزۆتریكی خۆی بەو ڕێگەیەدا دەڕواتەوە و بە بینین و ئەزموونكردن ئەو حەقیقەتانە بەسەر دەكاتەوە، لەبری ئەوەی كە گوێ لە دەنگێك بگرێت كە لەوێوە هاتووە، یان دێت. ئەو گەشتێك بەرەو ئەوێ دەست پێدەكات، لەبری ئەوەی لێرەولەوێ و لە پەیام و دەنگەكانی ئەوێ ڕابمێنێ و بیریان لێ بكاتەوە، ئەو ئێرە بەجێ دەهێلێت و بینینەكانی خۆی دەگێڕێتەوە و وێنای دەكات. ئیبن عەرەبی خۆی دەڵێت: گەر شەریعەت و دەنگوباسەكان لەبارەی خوداوە لە كتێبە پیرۆزەكاندا نەهاتایە كەس خودای نەدەناسی، گەر تەنها بەو بەڵگە عەقلییانەشەوە بوەستین كە عاقڵەكان هێناویانەتەوە بۆ سەلماندنی بوونی خودا و ناسینی، ئەو كاتە كەس خودای خۆشنەدەویست، كە ئەم خۆشەویستییەیە ڕێگەی ڕاستەقینەی ناسینی ئەو، خۆشەویستیی دوولایەنەیە. شەوق و خۆشەویستیی خودا بۆ ئێمە بۆ دەركەوتن و خۆنیشاندان بۆ ئەوەی لەوێوە ببینرێت، هەروەها شەوق و خۆشەویستیی بوون و ئێمە بۆ ئەو كە لەڕاستیدا هەموومان هەناسەی ئەوین و دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ لای ئەو[8].

 بەپێی ئەم میتۆدە بوون، دەركەوتنی ئەوە و هەموو خۆشویستراوێك ئەو خۆیەتی، هەر بۆیە ئیبن عەرەبی لە دیوانەكەیدا عاشقانە پێمان دەڵێت:

  لقد صار قلبي قابلا كل صورة  فمرعا لغزلان، ودير لرهبان

  وبيت لأوثان وكعبة طائف  وألواح توراة، ومصحف قرآن

  أدين بدين الحب أنى توجهت ڕكائبه فالحب ديني و إيماني[9].

دڵم وای لێ هاتووە گشت وێنەیەك بنوێنێ لەوەڕگای كارمامز و دێری ڕاهیبانە دڵی من

ماڵ بوتان و كابەی تایفە دلم  تەختەی تەوارت و پەڕەی قورئانە دڵی من

ملكەچی ئایینی خۆشەویستیم ڕوو لە هەر كوێ بكات ئەوە دین و ئیمانی من

ئەم میتۆد و ڕێباز و ئایینە، میتۆد و ڕێباز و ئایینی خۆشەویستی و توانەوەیە لە حەقدا. گەشتێكی عاشقانەیە بەرەو لای حەقیقەت كە دەربایسی عیشقە بە تەنها و گوێ لە ئەو دەگرێت و بەس.

 گرنگترین ڕەهەندی ئەم میتۆدە بەستنەوەی وێنە و وێنا و مەعریفەتی خودایە بە دڵ و بە خودی عاریف و ئیماندار خۆیەوە. هەموو ئەو وێنا و تێگەیشتنانەی ئێمە هەمانە بۆ خودا، كە عیشق و كەمەندكێشی دروست دەكەن و بەرهەمی خۆشەویستین، ئەوانە بەڕاستی و ڕاستەقینە حەقیقەتی ئەون لە دەركەوتن و تەجەللادا و دیداری ئەو لە ئاستێكدا زەرووری و (إضطراري) ناچارانەیە، لە ئاستە باڵاكانیشدا پەیوەندیی بە ئامادەیی و وەرزش و یەكلابوونەوەی كەسی عارف و عاشقەوە هەیە. بەم شێوەیەش خودا و حەقیقەتە ئیمانییەكان نەك نادیار و نەبینراو نین، بەڵكو لە ئێمەدا و ئێمە لە ئەواندا و بە ئەوان دەژین و دەبێت ئەم ژیانە -ئەم ئەزموونە ڕۆحییە جڵەونەكراوە خۆی- سەرچاوەی بینین و مەعریفە و تێگەشتنمان بێت، ئەگەرچی گومان لەوەدا نییە كە باس و وێناكانی خودا لە ئایین و لە دەقە پیرۆز و لە کولتوورە جیاجیاكاندا، یارمەتیدەری گەورەن و بەشێكن لە تەجەلیاتی ئەو حەقیقەتە خۆی.

 


[1] ئەو فەرموودەیە بە فەرموودەی نوێژكردن لە بەنی قورەیزە، مەشهوورە، هەندێك لە موسوڵمانەكان نوێژەكەیان دەكەن لە ڕێگە، لەبەر ئەوەی كە نوێژەكانیان نەڕوات ‌و هەندێكی دیكەیان لەبەر قسەی پێغەمبەر نوێژەكەیان دوا دەخەن ‌و دەڵێن: تا نەگەینە ئەوێ نوێژ ناكەین. پێغەمبەر هەردوو بۆچوونەكە پەسەند دەكات ‌و هیچیان بە هەڵە دانانێت.

[2] "وأما الذين في قلوبهم زيغ فيتبعون ما تشابه منه إبتغاء الفتنة وإبتغاء تأويله وما يعلم تأويله إلاّ الله والراسخون في العلم يقولون آمنا به كل من عند ربنا".  آل عمران/7.

[3] بۆ ئاشتابوونی زیاتر بە ئیجماع ‌و قیاس‌ و بنەماكانی دیكەی فیقە، بڕوانە سەرچاوەكانی (أصول الفقە)، بۆ نموونە بڕوانە: الزلمي، مصطفى: "أصول الفقه في نسيجه الجديد"، مركز عبادي للدراسات والنشر، صنعاء.

[4] بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە بیروڕا كەلامییەكانی قوتابخانەی زاهیری‌ و ئیبن حەزم بروانە: إبن حزم، علي بن أحمد: "الفصل في الملل والأهواء والنحل". دار الكتب العلمية، بيروت، چاپی دووەم، 1999، ئەم كتێبە و كتێبەكەی شەهرستانی، دوان لە هەرە گرنگترین سەرچاوە مێژووییەكانی زانستی كەلامن.

[5] بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە بۆچوونە كەلامییەكانی ئیبن تەیمییە بڕوانە: فودة، سعيد عبد اللطيف: "الكاشف الصغير عن عقائد إبن تيمية". دار الرازي، الاردن ، چاپی یەكەم، 2000

[6] بۆ شیكردنەوە‌ و تێگەشتنی زیاتر لە چۆنیەتیی كاركردنی كەلامزانەكان بە ئەم میتۆدە و جیاوازیی قیاسی فیقهی ‌و قیاسی عەقڵی، بڕوانە: ولفسۆن، سەرچاوەی پێشوو، ل46ـ71.

[7] بۆ ئاشنایی زیاتر بە میتۆدی عەقڵ‌ و میتۆدی تەئویل لە لای موعتەزیلە بڕوانە: أبو زيد، نصر حامد: "الإتجاه العقلي في التفسير دراسة في قضية المجاز في القران عند المعتزلة". دار التنوير للطباعة والنشر ، بیروت، لبنان، چاپی دووەم، 1983.

[8] بڕوانه‌: كوربان، هنري، "الخيال الخلاق في تصوف إبن عربي". و، فريد الزاهي، دار الجمل، كولونيا، ألمانيا، بغداد، چاپی دووه‌م، 2008، ل186ـ188

[9] إبن عربي، محي الدين: " ديوان ترجمان الاشواق". إعتنى به‌، عبد الرحمن المصطاوي، دار المعرفة، بيروت، لبنان، چاپی یه‌كه‌م، 2005، ل62.

 ئه‌م بابه‌ته‌ 214 جار بینراوه‌

په‌یوه‌ندی

ناو        
ئیمه‌یل*    
په‌یامه‌كه‌ت*
  



Copyright (c) tirozh.krd, All rights reserved.