گرفتەکانی مانای ئیمان لە رووی ئیپستمۆلۆژییەوە
2018-02-15 02:02:54

گرفتەکانی مانای ئیمان لە رووی ئیپستمۆلۆژییەوە


هۆشمەن جەلال


"زانین، ڕا یان بڕوایەکی دروستە کە بەڵگە و ئەرگومێنتی لەگەڵدا بێت، بەڵام بڕوایەکی دروستی بێبەڵگە و ئەرگومێنت، نەزانینە"            ئەفلاتوون ــ سیاتیتۆس (c201)
لەبارەی (زانین)ەوە، ڕا و تێڕوانینی جیاواز خراونەتە ڕوو، هەم بۆ ناساندنی خۆی، هەم بۆ دیاریکردنی ئەو گرفتانەی کە دەچنە نێو ئەم لقەی فەلسەفەوە. پرسیاری: زانین چییە؟ هێندەی دێرینیی فەلسەفە باسێکی دێرینە و شوێنی مشتومڕی زۆرێک لە فەیلەسووفان بووە. لەم پرسیارەشەوە چەندین پرسیاری دیکە هاتوونەتە ئاراوە: چی دەزانین؟ دەتوانین هەموو شتێک بزانین؟ مەودای زانینی ئێمە چەندە؟ ئامرازی زانین چییە؟ داوپێنگی زانین چییە؟ هەقیقەت چییە؟...هتد، هەروەها چەندین کێشەی پەیوەندیدار بە بیروباوەڕەکان و باوەڕهێنانەوە لەم لقەی فەلسەفەدا دیاری دەکرێت. ئێمە لەم نێوکۆیەدا تەنها لەگەڵ هەندێک تەوەری ئەم لقەی فەلسەفەدا دەرگیرین کە پەیوەندییەکی تەناتەنگیان بە بیروباوەڕ و باوەڕهێناوە هەیە، باوەڕهێنان بە گوزارە و پرس و ڕاوبۆچوونەکان، واتە بە ئیمانەوە، چونکە گەر پرس و گوزارە ئایینییەکانمان لە سەرچاوە و مەرجەعەکانیان دابڕی و بابەتییانە هەڵبسین بە تاوتوێکردنی (باوەڕهێنان بەو پرسانە)، ئەوا لە ڕووی مەعریفییەوە دوچاری گرفتی گەورە دەبن. بۆ ئەوەی هەندێک ڕۆشنایی بخەینە سەر ئەم کێشە و گرفتانە و دواجار وەک کێشە و گرفتی ئەو مانایەی ئیمان لێی بڕوانین کە ( برتییە لە باوەڕهێنان)، ئەوا سەرەتا چەند پێشەکییەک لەبارەی ئەو گرفتانەوە دەخەینە ڕوو:
پێشەکیی یەکەم: هەنگاوی یەکەم، جیاکردنەوەی (زانین) و (ڕا و بۆچوون، یان باوەڕە)، واتە دەرخستنی ئەوەی کە کەسێک باوەڕی پێیەتی جیاوازە لەوەی کە دەیزانێت، بە مانایەکی دی، باوەڕبوون بە شتێک و زانینی شتێک دوو شتی لێک جیان، ئەمە هەر ئەوەیە کە سوکرات لە دایلۆگی (مینۆ)دا دووپاتی دەکاتەوە: "سەبارەت بەوەی ڕای دروست شتێکە و زانین شتێکی دیکە، ئەمە تەنها بۆچوونێک نییە، بەڵکو گەر شتێک هەبێت لەبارەیەوە بڵێم دەیزانم، کە ژمارەیان زۆر کەمە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمە دەخەمە نێو ئەو شتانەوە کە دەیانزانم" ، واتە خەسڵەتی یەکەمی (زانین)، جیاوازبوونێتی لە (بیروباوەڕ). ئەم جیاوازییە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت، گەر مرۆڤ ببێتە خاوەنی زانینێک، ئەوا خاوەنی ڕایەک، یان باوەڕێکی دروستە، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست نییە، چونکە ڕەنگە مرۆڤ بیروبۆچوونێکی دروستی هەبێت، بێ ئەوەی بزانێت دروستە. (س) دەزانێت (یەک کۆ یەک دەکاتە دوو)، بەڵام باوەڕی بەوەیە کە (مرۆڤ پاش مردنی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت). بیروباوەڕەکان دەکرێت هەڵە بن، تەنانەت گەر بیروباوەڕێک دروستیش بێت، خەسڵەتی زانینی نادرێتە پاڵ. دەکرێت ئەم باوەڕە (مرۆڤ لە دواڕۆژدا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت) دروست بێت، بەڵام یەکسان نییە بە زانین، یان بودییەک باوەڕی وایە (لەپاش مردنی ڕۆحی لە شتێکی دیکەدا لەدایک دەبێتەوە)، بەڵام نازانێت. پاشان "زانین کردەیەکی ویستمەندانە نییە، واتە ئەگەر، بۆ نموونە، تۆ بۆم بسەلمێنیت ڕووبەری سێگۆشە دەکاتە (1/2 بنکە X بەرزی)، ئەوا منیش لای خۆمەوە زانینیم لەبارەی ئەم پرسەوە دەستدەکەوێت و ناتوانم بڵێم پاش سەلماندنەکەی تۆ، نۆرەی منە بیربکەمەوە لەوەی ئایا زانینم لەم پرسە هەبێت یاخود نا؟" . ئەم جیاوازییە ئاماژە بەوە دەدات کە زانین بە هەقیقەت و دروستییەوە پەیوەستە، گەر پرسێک زانرا، ئەوا ئەو پرسە دروستە، بەڵام بیروباوەڕەکان ئەم پەیوەستبوونەیان بە هەقیقەتەوە بۆ فەراهەم ناکرێت، واتە بیروباوەڕەکان دروستی و نادروستییەکانیان بۆ یەکلایی ناکرێتەوە، بۆ نموونە دەکرێت مرۆڤ، هەروەک بیرمەند و شاعیر (ئەبووعەلای موعەری)، بەر چەندین بیروباوەڕی لێک جیا بکەوێت، بێ ئەوەی بزانێت کامیان دروستە؟ دواجار حەیرانی خۆی لەمەڕ نەزانی و جیاکردنەوەی دروستی بیروباوەڕەکانەوە دەربڕێت، چونکە ئەو دەڵێت:

 

عجبت لکسرى و اتباعه و غسل الوجوه ببول البقر
و قول النصارى اله یضام و یظلم حیا و لا ینتصر
و قول الیهود اله یحب رشاش الدماء و ریح القتر
و قوم اتوا من اقاصی البلاد لرمي الصخور و لثم الحجر

فوا عجبا من مقالاتهم یعمى عن الحق کل البشر


لێرەدا کۆمەڵێک بیروباوەڕی ئایینیی هەریەک لە (زەردەشتی و یەهوودی و مەسیحی و ئیسلام) خراونەتە ڕوو: ئایینێک باوەڕیان بە شۆردنی سیمای مرۆڤە بە میزی مانگا (زەردەشتی)، ئایینێک باوەڕیان بە خودایەکە کە هەر بە زیندوویی لە لایەن مرۆڤەوە زەلیل دەکرێت و ستەمی لێ دەکرێت و سەرناکەوێت (مەسیحییەت)، ئایینێک باوەڕیان بە خودایەک هەیە کە حەزی بە بڵاوبوونەوەی خوێن و بۆنی دووکەڵە (یەهوودی)، ئایینێک باوەڕیان بە بەردەبارانکردنی ئەهریمەن هەیە و بەرد (کەعبە) ماچ دەکەن (ئیسلام)، ئاشکرایە کە دوا دێڕی شیعرەکە باس لە نەزانینی دروستیان دەکات، واتە باس لە هەبوونی بیروباوەڕ و نەبوونی زانین لە یەک کاتدا. 
لێرەوە بەر کۆمەڵێک پرسیار دەکەوین: زانین چییە؟ باوەڕ چییە؟ باوەڕهێنان چییە؟ باوەڕی دروست کامەیە؟ ئەو شتە چییە کە گەر بۆ باوەڕێکی دروست زیاد کرا، دەیکات بە زانین؟
پێشەکیی دووەم:  ئەفلاتوون لە دایلۆگی (سیاتیتۆس)دا کە گفتوگۆیەکە دەربارەی پرسیاری (زانین چییە؟)، سێ پێناسە دەخاتە ڕوو و تاقییان دەکاتەوە، دوا پێناسە ئەوەیە کە "حوکمی دروست لەگەڵ بەڵگەدا دەبێت بە زانین، هەروەها حوکمی دروستی بێبەڵگە دەچێتە دەرەوەی زانین" . واتە زانین، حوکمێکی دروست، یان ڕا، یان بڕوایەکی دروستە کە پشتیوانی کراوە بە بەڵگە و ئەرگومێنت و لێکدانەوەی ئەقڵی (Logos)، بەڵام بڕوایەکی دروستی بێبەڵگە و ئەرگومێنت، نەزانینە. بەربنەمای ئەمە دەردەکەوێت کە ئەوەی شتێک دەزانێت، جگە لەوەی خاوەنی هەموو ئەو شتانەیە کە خاوەن باوەڕێکی دروست هەیەتی، خاوەنی شتی دیکەشە، ئەو شتەش بەڵگە و ئەرگومێنت و سەلماندنی لۆژیکییە، تێڕامان و تاقیکردنەوەی ئەقڵییە. دانانی پرسیاری چۆن و بۆچی لە بەردەم باوەڕەکاندا و بردنی بیروباوەڕ و حوکمەکان بە کەناڵەکانی سەلماندن و تاقیکردنەوەی لۆژیکی و تێڕامانی ئەقڵیدا، لە خاوەن بڕوایەکی دروستەوە، دەمانبات بەرەو زانین، یان دەتوانین لەگەڵ (لۆبۆن)دا بڵێین: "باوەڕ ئیمانێکە لە سەرچاوەیەکی نەستییەوە بەرهەم دێت و مرۆڤ ناچار دەکات هزرێک یان ڕایەک یان شرۆڤەیەک یان ڕێباوەڕێکی قبووڵ بکات... هەموو ئەوەی لە ئیمانەوەیە، دەبێـت وەک باوەڕ وەسف بکرێت، هەر کاتێکیش مرۆڤ بۆ ساغکردنەوەی دروستیی باوەڕەکەی پشتی بە تێڕامان و ئەزموونکردن بەست، ئەوسا باوەڕەکە وەک باوەڕ نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە زانین. لێرەوە باوەڕ و زانین دوو باری دەروونین کە لە ڕووی سەرچاوەوە تەواو جیاوازن، چونکە باوەڕ سرووشێکی نەستییە... زانین گوزارشتە لە وەرگرتنێکی ئاگامەندانەی ئەقڵی کە لەسەر تاقیکردنەوە و تێڕامان دامەزراوە" .
بەڵام لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا (باوەڕهێنان و باوەڕی دروست چییە؟) دەکرێت لە سەرەتاوە بڵێین "هەموو باوەڕهێنانێک، یان ددانپێدانانێک، باوەڕهێنان، یان دداننانە بە هەندێک دۆخی ڕێتچوودا، کە مانای ئەوە دەگەیەنێت، ئەو دۆخە (بالفعل) بە شێوەیەکی کردەکی بوونی هەیە" ، بۆ نموونە: موسڵمانێک باوەڕی وایە (پەرتووکی پیرۆز دەستکاری کراوە)، مەسیحییەک نکۆڵی لەوە دەکات (پەرتووکی پیرۆز دەستکاری کرابێت) ئەم دوو پرسە ئاماژە بە هەمان دۆخی ڕێتچوو دەکەن، بەڵام ئەم دوو پرسە پێمان ناڵێن ئەو دۆخە ڕێتچووە بوونی هەیە، پێمان ناڵێن بە شێوەیەکی کردەکی (بالفعل) پەرتووکی پیرۆز دەستکاری کراوە. لێرەوە "باوەڕهێنان یان ددانپێدانان بە دروست دادەنرێت ئەگەر بە دۆخێکی ڕێتچووەوە پەیوەست بێت، کە مانای هەبوونی ئەو دۆخە بگەیەنێت و بە شێوەیەکی کردەکیش بوونی هەبێت. وەک چۆن باوەڕهێنان، یان دداننان بە نادروست دادەنرێت ئەگەر بە دۆخێکی ڕێتچووەوە پەیوەست بێت، کە مانای هەبوونی ئەو دۆخە بگەیەنێت و بە شێوەیەکی کردەکی بوونی نەبێت" ،  واتە جیاوازیی نێوان باوەڕێکی دروست و نادروست، هەبوون و نەبوونی کردەکییانەی دۆخێکی ڕێتچووە، دەکرێت چەند نموونەیەک لەسەر ئەو دۆخە ڕێتچووە بهێنینەوە کە بە شێوەیەکی کردەکی بوونی هەیە: مردنی مەحوی، بوونی گوێدرێژەکان، نەبوونی بوونی ئەسپی باڵدار، هەروەها لەنێو ئەو شتانەشدا کە بوونیان نییە، دەتوانین بڵێین: نەبوونی مردنی مەحوی، نەبوونی بوونی گوێدرێژەکان، بوونی ئەسپی باڵدار. 
هەندێک جار واژەی (باوەڕهێنان) و (ددانپێدانان) ئاماژە بەو شتە دەکەن کە باوەڕی پێ هێنراوە، هەندێک جاری دی ئاماژە بە پرۆسەی باوەڕهێنانەکە دەکەن. باسکردنی دروستی ئەوەی مرۆڤ باوەڕی پێیەتی، تەنها بریتییە لە باسکردنی دروستی باوەڕەکەی. لێرەوە کاتێک باسی دروستی بیروباوەڕی مرۆڤ دەکرێت، واتە باس لە بوونی ئەو دۆخە ڕێتێچووە دەکرێت کە باوەڕ بە بوونی هێنراوە، کەواتە: گەر دیندارێک باوەڕی بەوە هێنا کە (دەریا بۆ نەوەی ئیسرائیل شەق بووە)، ئەوا ئەوەی باوەڕی پێ هێناوە تەنها ئەو کاتە دروستە کە ئەگەر دەریا بۆ نەوەی ئیسرائیل شەق بووبێت.
پێشەکیی سێهەم: دەکرێت گرفتێکی دی لەمەڕ باوەڕەکانمانەوە لەنێو ئەو گرفتەدا هەڵهێنجین کە لەنێو فەلسەفەدا بە ناوی ئایرۆنی (درۆزنەکە) یان ئایرۆنی (ئپیمێنیدس Epimenides) ناسراوە، ئەم گرفتە پوختەکەی ئەوەیە کە ئەم فەیلەسووفە لەبارەی خەڵکی وڵاتەکەیەوە وتوویەتی: "هەموو کریتییەکان درۆزنن، بەڵام ئەو خۆی خەڵکی کریتە، کەواتە ئەو درۆزنە، ئەم وتەیەشی درۆیە، کەواتە دژەکەی دروستە، ئەویش ئەوەیە خەڵکی کریت ڕاستگۆن، ئەوەشی ئەم وتەیەی وتووە، یەکێکە لەوان، کەواتە ئەو ڕاستگۆیە" . لە ڕێی نموونەیەکەوە یەکێک لەو ئاماژانەی کە ئەم گرفتە دەربارەی باوەڕەکانمان دەستنیشانی دەکات، دەخەینە ڕوو:
جوولەکەکان باوەڕیان وایە (عیسا، مەسیح نییە)، مەسیحییەکان باوەڕیان وایە (عیسا مەسیحە)، نموونەیەکی دیکە: (س)ی موسڵمان باوەڕی وایە کە (مەسیح لە خاچ نەدراوە)، (س)ی مەسیحیش باوەڕی وایە کە (مەسیح لە خاچ دراوە)، ئەمەش واتە (س)ی موسڵمان باوەڕی بە نادروستیی باوەڕی (س)ی مەسیحی هەیە، لە کاتێکدا باوەڕی (س)ی مەسیحی، مانای نادروستیی باوەڕی (س)ی موسڵمان دەگەیەنێت. ئەمە بۆ هەموو جۆرە باوەڕێکی لەم چەشنە دروستە کە بێشومار بیروباوەڕن لەنێو ئایینەکاندا، گرفتەکەش لێرەدا بەم شێوەیەی خوارەوە پوختە دەکەین:
لە هەموو حاڵەتێکدا گریمانەکردنی دروستی باوەڕەکە، نادروستی دەخوازێت، گریمانەکردنی نادروستییەکەشی، دروستییەکەی. لەبەر ئەم هۆیەش گەر باسی دروستی و نادروستیی باوەڕەکە بکەین بەیەکەوە، ئەوا یاسای (دژیەکی)  پێشێل دەکەین، بەڵام گەر لەبری ئەوە باسی نەبوونی (دروستی و نادروستی)ی باوەڕەکەمان کرد، ئەوسا یاسای (نێوەندی هەڵگیراو)  پێشێل دەکەین. گەر وردتری بکەینەوە، دەڵێین: باوەڕی (ڕ) بەندە بە ناوەڕۆکی باوەڕی (ب)، بە مەرجێک ناوەڕۆکی باوەڕی (ڕ) بریتی بێت لە دروستی، یان نادروستیی باوەڕی (ب). گەر ناوەڕۆکی باوەڕی (ڕ) بەند بێت بە ناوەڕۆکی باوەڕی (ب) و بە پێچەوانەوە، ئەوا هەردوو باوەڕەکە بە (گومڕاکەر)، یان (بێمانا) دادەنرێت، بەم شێوەیە ئەو باوەڕانەی دەبنە مایەی ئایرۆنی، بە باوەڕێکی گومڕاکەر دادەنرێن . لێرەوە گەر باوەڕهێنان -وەک ئاماژەی بۆ کرا- بریتی بێت لە باوەڕهێنان بە بوونی دۆخێکی ڕێتێچوو، ئەوەشی پەیوەست نەبێت بەو دۆخە ڕێتێچووەوە، دەکرێت بڵێین باوەڕێکی بێمانای گومڕاکەرە، هەروەها بەو پێیەی ئەم جۆرە باوەڕانە دەبنە مایەی ئەو ئایرۆنییەی باسکرا، لێرەشەوە وەک باوەڕێکی بێمانای گومڕاکەر لێیان دەڕوانرێت، کەواتە پەیوەست نین بە دۆخێکی ڕێتێچووەوە. دواجار گەر باوەڕێکی دروست --وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا-- بە بوونی دۆخێکی ڕێتێچوو و بوونی کردەکیی ئەو دۆخەوە بەند بێت، باوەڕی نادروستیش بە بوونی دۆخێکی ڕێتێچوو و نەبوونی کردەکیی ئەو دۆخەوە بەند بێت، ئەوا ئەو باوەڕانەی کە دەبنە هۆی ئەم جۆرە لە ئایرۆنی، بەو پێیەی بە هیچ دۆخێکی ڕێتێچووەوە پەیوەست نین، نە دروستن، نە نادروست.
پێشەکیی چوارەم: بەگشتی ئێمە سێ هەڵوێست لە بەرامبەر هەر پرسێکدا وەردەگرین: باوەڕی پێ دەهێنین، یان قبووڵی دەکەین. باوەڕی پێ ناکەین و ڕەتی دەکەینەوە، یان هیچ حوکمێک لەبارەیەوە نادەین، واتە نە باوەڕی پێ دەکەین، نە ڕەتی دەکەینەوە، هەروەها بۆ هەر پرسێک و بۆ هەر یەکێک لە ئێمە، هەندێک لەم هەڵوێستانە لە کاتێکی دیاریکراودا، وەک هەڵوێستێکی ماقولتر دادەنرێت. ئەوەی لەم پێشەکییەدا دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر، حاڵەتی سێهەمە (بڕیارنەدان)، چونکە سەبارەت بە ئێمە، باوەڕداران، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دۆخێکی لەو جۆرە مایەی لەسەروەستان نییە، ئەوەی دەیکەین لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، یان باوەڕهێنانە، یان بە پێچەوانەوە، هەروەها لە ڕووی مەعریفییەوە (بڕیاری بڕیارنەدان) لە هەندێک حاڵەتدا دروستیی خۆی بەدەست دەهێنێت، بەڵکو وا دەکات قبووڵکردن و قبووڵنەکردن نادروستی بەرهەم بهێنێت، دواجار کاتێک لەم حاڵەتە ورددەبینەوە، ڕەنگە زۆرێک لە بیروباوەڕە دڵنیاکانمان بگرێتەوە.
 لەنێو باسی مەعریفەدا، هەندێک جار هەندێک پرس و گوزارە لە ڕووی مەعریفییەوە بە پرسی (بێلایەن) لێیان دەڕوانرێت، مەبەست لە (بێلایەن) ئەوەیە کە ئەو پاساوانەی وات لێ دەکەن باوەڕ بە دروستییەکەیان بهێنیت -گەر ئەم پاساوانە هەبێت- هاوتایە لەگەڵ ئەو پاساوانەی کە وات لێ دەکەن باوەڕ بە دروستییەکەیان نەهێنیت، واتە بە زمانی گومانگەراکان  (هەڵپەساردنی حوکم) هەڵدەبژێردرێت، واتە باوەڕهێنان و باوەڕنەهێنان هەڵدەپەسێردرێت و (نازانم) دێتە ئاراوە و لەبارەی دروستی و نادروستیی ئەو پرسەوە هیچ باوەڕهێنانێک ناخرێتە ڕوو، بۆ نموونە یەکێک لە هەرە گرنگترین ئەو پرسانەی کە مرۆڤ بەدرێژایی بیرکردنەوەی پێوەی سەرقاڵبووە و پایەی دامەزراندنی ئایینەکانە بەگشتی، پرسی بوون و نەبوونی خودایە. ئەم پرسە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕووی مەعریفییەوە دەچێتە نێو ئەم بابەتەوە، لەبارەی ئەم دوو پرسەوە (خودا هەیە) یان (خودا نییە)، مشتومڕی زۆر کراوە، کۆمەڵێک بەڵگە لە سەلماندنی بوونی خودا خراونەتە ڕوو، بەڵام دژەبەڵگەکانیش بەرامبەر هەر کام لەو بەڵگانەی بۆ سەلماندنی دەخرێنە ڕوو، بوونیان هەیە . بە مانایەکی دیکە، ئەم دروستییە یان ئەم ماقولییە بۆ بڕیارنەدان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە گەر بناغەیەک نەبێت بۆ هەڵبژاردنی پرسێک و پێچەوانەکەی، ئەوا هەڵپەساردنی حوکمدان لەبارەی باوەڕهێنانەوە ڕەفتارێکی ماقولە. فەیلەسووفی باوەڕدار (باسکاڵ)   لەبارەی باوەڕهێنان بە خوداوە چارەسەرێک دەخاتە ڕوو، ئەم چارەسەرەی باسکاڵ بۆ پرسی باوەڕهێنان بە (بوونی خودا) دەیخاتە ڕوو، جەخت لە نەبوونی ئەو بناغەیە دەکاتەوە بۆ باوەڕهێنان و باوەڕنەهێنان. چارەسەرەکەی باسکاڵ ناسراوە بە (گرەوی باسکاڵ)، گرەوەکە لە نێوان دوو شت دایە (خودا یان هەیە، یان نییە)، دەڵێت: "بێ دوودڵی، گرەو بکەن لەسەر ئەوەی خودا هەیە، گەر بردتانەوە، هەموو شتێک دەبەنەوە، گەر بدۆڕێن، هیچ شتێک نادۆڕێنن" . لێرەدا دەبینین بناغەی بڕیاردان نییە، بەڵکو تەنها گرەو هەیە. لێرەوە بۆ زۆر کەس پرسێکە کە پاساوە ئەقڵییەکانی بۆ سەلماندنی، هاوتای پاساوەکانی نەسەلماندنێتی، واتە چەند پاساو هەیە هەیە بۆ بوونی، ئەوەندە پاساو هەیە بۆ نەبوونی، یان بۆ ڕەتکردنەوەی بەڵگەی بوونی، بۆیە لێرەدا دەکرێت بەربنەمای نەبوونی بنەما و بناغەیەک، باوەڕهێنان بە دروستی و نادروستیی هەر کام لەو دوو پرسە، هەڵپەسێردرێت. لەم کاتەشدا نە پرسەکە و نە پێچەوانەکەی پەسەند نابن. کاتێکیش بە گوزارەیەک دەوترێت (ناپەسەند)، مەبەست لەوە نییە کە شیاوی قبووڵکردن نەبێت، بەڵکو مەبەست لەوەیە لە ڕووی مەعریفییەوە شایەنی قبووڵ نییە. ئەگەرچی هەندێک پرس هەن ناپەسەندن و پێچەوانەکانیشیان ڕۆشن و زانراو نییە. بەکورتی، سەبارەت بە هەر بیروباوەڕێک، گەر بناغەیەک نەبوو بۆ قبووڵکردنی خۆی یان دژەکەی، لە ڕووی مەعریفییەوە دروستترە بڕیار نەدرێت تا بنەمایەکی یەکلاکەرەوە بۆ باوەڕهێنان و باوەڕنەهێنان دێتە ئاراوە، بەڵام ئایا ئەو بیروباوەڕانە چەندن کە بنەمای یەکلاکەرەوەیان هەیە؟
پیشەکیی پێنجەم: ناکرێت بەربنەمای سوود و بەرژەوەندی و ڕەزامەندی، دروستی بە بیروباوەڕێک بدەین، واتە لە میانەی ئەوەی کە بیروباوەڕێک لە ژیانی پراکتیکیدا سوود دەگەیەنێت، یان ڕەزامەندی بەدەست دەهێنێت، ئەوا ئەو بیروباوەڕە دروستە، دواجار مادام دروستە، دەبێت قبووڵ بکرێت. بە دەربڕینێکی دی: داوپێنگی دروستیی بیروباوەڕەکان سوودگەیاندن بێت، دروستی و سوود، نادروستی و زیان بەیەکەوە ببەسترێنەوە، چونکە ئەم سوودگەراییە بۆ دروستیی بیروباوەڕێک، دەکرێت بە چەندین ڕێگە تێگەیشتنی لەبارەوە بخرێتە ڕوو و لەنێو چەندین بیروباوەڕی ناکۆک بەیەکدا سوود و بەرژەوەندی بەدی بکرێت لە لایەن پەیڕەوانی ئەو باوەڕەوە، یان دەکرێت بوترێت کە هێندەی فرەیی مرۆڤەکان سوود و بەرژەوەندی و ڕەزامەندیی جیاواز لە جیهاندا هەیە، ئەمەش دەمانگەیەنێت بەوەی کە دروستیی باوەڕەکان ڕێژەیین، یان مادام هەر بیروباوەڕێک دەکرێت سوود و ڕەزامەندی بەدەست بهێنێت، دەکرێت دوو باوەڕی دژبەیەک دروست بن، لێرەشەوە بێمانایی و گومڕایی دێتە بەرهەم، بۆ نموونە: گرەوەکەی باسکاڵ بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی لەم سوودگەراییەدا دەبینێتەوە، یاخود دەوترێت ئەوەی باوەڕ بە خودا بهێنێت، ئاسوودە و سەقامگیر و ئەرخەیان دەبێت، بە پێچەوانەوە، بێخوداکان دوچاری بێزاری و نیگەرانی و بێهیوایی دەبن، واتە باس لە سوود و زیانی دەروونی دەکرێت. دەشێت ئەم حاڵەتە بۆ زۆرێک لە خەڵکی دروست بێت، بەڵام بوونی تەنها کەسێک، یان گریمانەکردنی حاڵەتێک کە ئەمەی بەسەردا نەسەپێت، بۆچوونەکە ڕەتدەکاتەوە. لە مێژووی کۆن و نوێدا لە نێوان باوەڕهێنان و باوەڕنەهێنان بەم پرسەدا چەندین کەس هەبوون و هەن، ئاسوودەیی و بێزاری و نیگەرانی وای لێ نەکردوون لە باوەڕهێنانەوە بۆ باوەڕنەهێنان، یان بە پێچەوانەوە بگوازنەوە، بەڵکو دۆزینەوە جوگرافیاییەکان دەریانخستووە کە نەتەوە هەبوون سەرتاپا بێئاگا بوون لە بوونی خودا، کەسایەتیی (بودا) خۆی نموونەی ئەو کەسانەیە کە لە دەرەوەی بیرۆکەی خودا بیری کردووەتەوە، ئەگەرچی بەشێک لە پەیڕەوانی وەها بیر ناکەنەوە، ئاشکرایە کە زۆربەی زانایان و بیرمەندان، ئایینی بودیی بە سەرچاوەیەکی ئاسوودەیی و ئارامیی دەروونی دەبین، بگرە وەک چارەسەری دەروونی و ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی گرێ دەروونییەکان دەیبین، بۆیە ئەم پرسە بە بەستنەوەی بەو سوودە دەروونییەوە دروستییەکەی ناسەلمێت، واتە چەندین باوەڕ هەیە کە بۆ مرۆڤێک ئاسوودەیی دەروونی دەبەخشێت و بۆ یەکێکی دی بە پێچەوانەوە، ڕەنگە بیروباوەڕێک بۆ کەسێک لە کات و دۆخێکی دیاریکراودا زیانبەخش بێت و ڕەزامەندی بەدەست نەهێنێت، بەڵام لە کات و دۆخێکی دیکەدا سوودبەخش بێت و ڕەزامەندی بەدەست بهێنێت، بۆ نموونە تەواوی خەڵکی تا سەدەکانی ناوەڕاست باوەڕیان وا بووە کە زەوی چەقی گەردوونە، واتە سەنتڕاڵی زەوی لە لای ئەو خەڵکانە ڕەزامەندیی تەواوی بەدەست هێناوە، بەڵام ئایا ئەم پرسە دروستە؟ لە نێوان موسڵمانێک و مەسیحییەک و یەهوودییەک و بودییەک...هتد بیروباوەڕگەلێکی دژبەیەک هەن و هەر کام لەو بیروباوەڕانەش، سوود و قازانجی پراکتیکی و دەروونیی بۆ کەسی باوەڕدار فەراهەم کردووە، بەڵام کامیان دروستە؟ گەر داوپێنگەکەمان سوود بێت، ئەوا هەموویان دروست دەبن، گەر هەمووشیان دروست بن، ئەوا دەکەوینە نێو چەندین هەڵەی لۆژیکییەوە. ئەم خاڵە بەشی زۆری ئەو تابۆیانە دەگرێتەوە کە ئایین زۆرجار وەک سوود و قازانجی مرۆیی پاساوی قبووڵکردنیان دەدات، وەک قەدەغەکردنی کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە، زینا، سوو...هتد، بۆیە لە ڕووی مەعریفییەوە پرسێک، یان باوەڕێک دروستییەکەی لە ڕێی سوود و ڕەزامەندییەوە مایەی قبووڵکردن نییە. 

دەرئەنجام: 
1-    بەو پێیەی ئیمان بریتییە لە (باوەڕهێنان بە کۆمەڵێک بیروباوەڕ)، بیروباوەڕەکانیش جیاوازن لە زانین، کەواتە ئیمان و زانین جیاوازن، واتە گەر ئیمان بە شتێک بهێنین، ئەوا زانا نیین بەرامبەر بەو شتە و بابەتی ئیمان دەرک نەکراوە و نەزانراوە، بەڵکو تەنها قبووڵکراوە. گەر بابەتی ئیمان دەرک نەکرێت و نەزانرێت، ئەوا دروستی و نادروستییەکەی وەک یەک شوێنی پرسیارە، ڕەنگە دروست بێت، ڕەنگە بە پێچەوانەوە.
2-    بەو پێیەی ئیمان تەنها قبووڵکردن و دداننان و باوەڕهێنانە بە کۆمەڵێک بیروباوەڕدا، باوەڕی دروستیش، ئەو باوەڕەیە باس لە بوونی دۆخێکی ڕێتێچوو دەکات کە بە شێوەیەکی کردەکی بوونی هەیە، ئەوا ئەو بیروباوەڕانەی کە ئیمانی پێهێنراوە و باس لە بوونی دۆخێکی ڕێتێچوو ناکات کە بە شێوەیەکی کردەکی بوونیان هەیە، بیروباوەڕێکی نادروستە.
3-    بەو پێیەی دامەزراندنی دوو باوەڕ لەسەر دروستی و نادروستیی یەکدی دەبێتە هۆی ئایرۆنی، ئایرۆنیش نەبوونی دۆخێکی ڕێتێچوو بێت کە بە شێوەیەکی کردەکی بوونی هەیە، نەبوونی ئەم دۆخەش نادروستی بەرهەم بهێنێت، ئەوا لەنێو ئیماندا ئەو بیروباوەڕانەی ئیمانیان پێهێنراوە و نمایندەی ئەم جۆرە لە ئایرۆنین، واتە نمایندەی دۆخێکی ڕێتێچوو نین کە بە شێوەیەکی کردەکی بوونی هەیە، بیروباوەڕێکی نادروستن.
4-    بەو پێیەی هەڵپەساردنی حوکم بڕیارێکی دروستە لە کاتی هاوتابوونی پاساوی باوەڕهێنان و پاساوی باوەڕنەهێناندا، ئیمانیش هەڵگری باوەڕگەلێک بێت کە پاساوی قبووڵکردنیان هاوتای پاساوی قبووڵنەکردنیان بێت، ئەوا ئیمانهێنان بەو بیروباوەڕانە، نادروست و ناپەسەندە. 
   بەو پێیەی سوودگەرایی و ڕەزامەندی، دروستی و نادروستیی باوەڕێک یەکلا ناکەنەوە، ئیمانێک کە هەڵگری کۆمەڵێک باوەڕ بێت، کە لەسەر بنەمای سوودی پراکتیکی و ڕەزامەندیی دەروونی دامەزراون، ئەوا دروستیی ئەو باوەڕانەی ئیمانی پێ هێنراوە، نادروستە.

 

 ئه‌م بابه‌ته‌ 608 جار بینراوه‌

په‌یوه‌ندی

ناو        
ئیمه‌یل*    
په‌یامه‌كه‌ت*
  



Copyright (c) tirozh.krd, All rights reserved.